هاتووچۆی هەولێر: لە رووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و 7ی دیکە برینداربوون

هاتووچۆی هەولێر: لە رووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و 7ی دیکە برینداربوون
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و 7ی دیکەش برینداربوون.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر راگەیاند "کاژێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی جەژنیکان - زرارەتی، کە رێگەیەکی تاکسایدی دوو ئاراستەیە پێکدادان لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی بی ئێم تایبەت، پیکابێکی دەبڵ و تاکسییەک روویدا، لە ئەنجامدا شۆفێری تەکسییەکە گیانی لەدەستدا و 7 کەسی دیکەش برینداربوون، کە شۆفێری بی ئێمەکە هەردوو قاچەکانی بە سەختی بریندارن و دوونییە ببڕێتەوە. هەروەها زیانێکی زۆری ماددیش بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە".

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتیشی، هۆکاری رووداوەکە هەوڵی تێپەڕاندنی هەڵە بووە لەلایەن شۆفێری ئۆتۆمبێلی بی ئێمەکەوە "ئەو هەوڵە هەڵەیە وایکردبوو بی ئێمـەکە بەتەواوی نەتوانێت بگەڕێتەوە سایدی خۆی، بۆیە خۆی کێشاوە بە تاکسییەک کە لە بەرامبەری دەهات و وەریگێڕاوە و لەدواییدا خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێكی پیکاب دەبڵ، کە لە سایدەکەی خۆی بوو".

فازڵ حاجی رێنمایی شۆفێران دەکات، پێش ئەنجامدانی مانۆڕی تێپەڕاندن، بەتایبەتی لە شەقامە تاکسایدە دوو ئاراستەکاندا، بۆ هەمیشە سەیری سایدی بەرامبەریان بکەن "ئەگەر ئۆتۆمبێلی هاتوو، هەبوو و نزیک بوو، مانۆڕەکە ئەنجام نەدەن".
rudaw -
Top