وه‌زیرى ته‌ندروستى: پێداچوونه‌وه‌ به‌ ڕێنوێنییه‌كانى خۆپارێزى ده‌كرێ

وه‌زیرى ته‌ندروستى: پێداچوونه‌وه‌ به‌ ڕێنوێنییه‌كانى خۆپارێزى ده‌كرێ
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆ دەبێتەوە، پێداچوونه‌وه‌ به‌ ڕێنوێنییه‌كانى خۆپارێزى له‌ کۆرۆنا ده‌كرێ.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "لەم ڕۆژانەدا لێژنەی وزاری و لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەگەڵ پارێزگار و وەزارەتە په‌یوەندیدارەکان کۆ دەبێتەوە، کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێنوێنیی خۆپارێزی کۆرۆنا پێداچوونەوەیان بۆ ده‌كرێ".

ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "کردنەوەی شوێنەکان و بازاڕەکان بە مەرجی تەندروستی بوو، بەڵام ئەو مەرجانە جێبەجێ ناکرێن، هەروەها لە فەرمانگە حکوومییەکانیش بەشێکی هاووڵاتییان و فەرمانبەران خۆپارێزی و مەرجەکان وەکوو پێویست جێبەجێ ناکەن".

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش دا، ژمارەی تووشبوان و گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوه‌ لە هەڵکشانە، گوتیشی: "تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 51 هەزار تووشبووی کۆرۆنا له‌ هه‌رێمى كوردستان تۆمار کراون، 32% لە ژێر چارەسەرن و 64% چاک بوونەتەوە، گیانلەدەستدانیش نزیکەی هەزار و 900 کەسە، ڕۆژانەش بە گشتی پێنج هەزار پشکنین دەکرێ".

د. سامان بەرزنجی ئاشکراشی کرد، ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرین لە هەڵکشانە، لە هەولێریش ڕێژەکە بەرزە، دەشڵێت: "ئەگەر لەم پاییزە و لە زستان خۆپارێزی نەکرێ، ژمارەی تووشبوان و گیانلەدەستدان زۆر زیاتر دەبێ، ئەوكاته‌ش شوێن له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا نامێنێ".






باسنيوز
Top