لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان نان دەستناکەوێت

لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان نان دەستناکەوێت
لەبەردەم نانەواخانەکانی شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان قەرەباڵخی زۆر دەبینرێت، قسەی خاوەن نانەواکانیش بۆ خەڵک هەر ئەوەیە بڵێن "نانمان نییە".

هاونیشتمانییەک لەبەردەم یەکێک لە نانەواخانەکان دەڵێت سێ نانەواخانە گەڕاوەو دوایینیشیان هەمان قسەی دووانەکەی پێشووی کردووە کە دەڵێ نان تەواو بووە.

بەگوتەی خاوەن نانەواخانەکان ئەو بڕە ئاردەی کە حکومەت بە نانەواخانەکانی دەدات و دەیکەنە نان تەواوبووە، بۆ ئەوەی پێویستیی بازاڕ پڕبکەنەوە دەبێت ئاردی دیکە لە بازاڕی ئازاد بکڕن، کە ئەویش گرانە.

عەلی رەزا مەلامحەممەدی زادە، قایمقامی ورمێ، دەڵێت: وادیارە ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کەشی دەروونی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نان بڕەخسێنن، بەڵام بەو بارودۆخە ئابوورییەی لە وڵاتدا هەیە، ئەمە ناکرێت.

محەممەد مەهدی شەهریاری، پارێزگاری ورمێ بۆ ئەم کێشەیە داوای لێبوردنی لە خەڵک کردووە و دەڵێ: پشکی ئاردی نانەواخانەکان زیاتر دەکەن و لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا کێشەکە چارەسەر دەبێت.

غوڵامڕەزا بابایی، سەرۆکی رێکخراوی پیشەسازی و بازرگانی ورمێ، هۆکاری کەمیی ئارد بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ساڵی داهاتوو حکومەت گەنم بە نرخی زیاتر لە جووتیاران دەکڕێتەوە.

حکومەت ساڵی داهاتوو هەر کیلۆیەک گەنم بە 4 هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕێت، ئەمساڵ بە 2 هەزار و 500 تمەن دەیکڕی، بەڵام ئەمە کەمتربوو لە نرخی گەنم لە بازاڕدا. ئەوەش وایکردووە بۆ نموونە لە پارێزگای سنە ئەمساڵ جووتیاران گەنمی زۆر کەمتر بە حکومەت بفرۆشن.

بێهزاد رەحیمی، نوێنەری سەقز و بانە لە پەرلەمان دەڵێت: ساڵانی رابردوو جووتیارەکان زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار تۆنیان بە حکومەت دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ بۆ 750 هەزار تۆن کەمبووەتەوە.

بۆ ساڵی داهاتووش وەزارەتی کشتوکاڵ پێشنیازی کردبوو حکومەت کیلۆیەک گەنم بە 5 هەزار و 500 تمەن بکڕێتەوە، ئەمە واتە نرخێک کە حکومەت بڕیاری لێداوە هێشتا کەمە و ساڵی داهاتووش دوور نییە دیسان فرۆشی گەنم بە حکومەت کەمتریش ببێتەوە.

نان یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانەی خەڵکە. بۆیە فرۆشتنی کەمیی گەنم بە حکومەت دەتوانێت مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک لە ئێراندا دروست بکات.
rudaw -
Top