لە خورماتوو 10 قوتابخانەی کوردی داخراون
لە خورماتوو 10 قوتابخانەی کوردی داخراون، هەشت هەزار قوتابی هەبوون ئێستا شەش هەزاریان ماونەتەوە، 100 مامۆستاش رۆیشتوون و وانەی کوردی ناڵێنەوە، ئەم پاشەکشەیەی خوێندنی کوردی لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە سەری هەڵداوە.
لە بەشێک لە قوتابخانەکانی کەرکووک دوو جۆر مامۆستا هەن: ئەوانەی موچەکانیان لە بەغدایە و ئەوانەی لە هەولێر مووچە وەردەگرن. کەچی یەک جۆر دەوام دەکەن، بەڵام وەک یەک موچەیان پێنادرێت.
درەخشان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بڵێسەی سەرەتایی] راگەیاند، "یەکێک لە کێشەکانمان لە قوتابخانەکان مامۆستایانی ناوەند و هەرێمی کوردستانی تێدایە. مامۆستای هەرێمی کوردستان مووچەی نییە یان 40 بۆ 50 رۆژ جارێک مووچەی پێدەدرێت و دەوامی خۆی بە جوانی دەکات. مامۆستای ناوەند مووچەی لەکاتی خۆیدا پێدەدرێت و یەک ئەرکیشیان لەسەرە."
کێشەی کەمیی کتێب و پەڕاو لەنێو قوتابخانەکاندا هەیە. ئەمساڵ ژمارەی وەرگرتنی قوتابی لە قوتابخانەی بڵێسە بەراورد بە پار کەمی کردووە.
درەخشان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بڵێسەی سەرەتایی دەڵێت، "پار ئێمە لە پۆلی یەکدا 75 قوتابیمان وەرگرت و دابەشکرانە سەر 3 پۆل، ئەمساڵ تائێستا 55 قوتابی وەرگیراون."
لەدوای ئۆکتۆبەری 2017وە ژمارەیەک قوتابخانە لە کەرکووک و خورماتوو داخراون. تەنیا لە سنووری خورماتوو تائێستا 10 قوتابخانە داخراون و ژمارەیەکی دیکەش ئەگەری داخستنیان هەیە و ژمارەی قوتابیانیش لە خوێندنی کوردی کەمیان کردووە.
تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە خورماتوو راگەیاند، "هەشت هەزار قوتابی و خوێندکارمان هەبوو، ئێستا دابەزیوتە شەش هەزار، 650 مامۆستامان هەبوو، ئێستا 550 ماون کە سەر بە هەرێمی کوردستانن، 100یان ئاوارەی هەولێر و سلێمانی و گەرمیان و کەرکووکن. قوتابخانەی وا هەیە 800 قوتابیی تێدایە، تەنانەت ئەگەر بیشیکەینە سێ دەوامییش جێگەی نابێتەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گشتیی کەرکووک لە هەوڵدایە سیستەمێکی نوێی خوێندن لە هەندێک گەڕەکی کەرکووک بکاتە جێگرەوەی خوێندنی کوردی کە خوێندن بە زمانی عەرەبی بێت و تەنیا یەک کتێب بە کوردی بخوێنرێت. تائێستا بەرپرسانی کورد رێگرییان لەوە کردووە، بەڵام ترسیشیان لەوە هەیە ئەگەر کێشەکانیان چارەسەر نەکرێت، خەڵک ناچار دەبن منداڵەکانیان بخەنە خوێندنی عەرەبی.
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە پەروەردەی کەرکووک راگەیاند، "لێرەش قوتابخانەی ئەهلی هەن کە بە زمانی عەرەبی دەخوێنن. خەڵک هەیە منداڵی دەخاتە ئەهلی، بەڵام وەک قوتابخانەی حکومی و بیخاتە عەرەبی، نەخێر. لە ناوچەکانماندا قوتابخانەکان کوردین و رێژەکە کەمی نەکردووە، بەڵام هەمیشە گوتوومانە ئەگەر خوێندنی کوردی پڕ کێشە بێت، خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و بە ناچاری منداڵەکانیان دەخەنە خوێندنی عەرەبی."
لەکەرکووک لەپاڵ خوێندنی کوردیدا خوێندن بە زمانەکانی عەرەبی و تورکمانی و سریانی دەخوێنرێت. 535 قوتابخانەی کوردی هەن و بەپێی ئاماری ساڵی رابردوو 98 هەزار قوتابی و خوێندکاریان هەیە.
rudaw -
