وەزیری دارایی زانیاری لەبارەی دۆخی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، لە میانی وەڵامدانەوەی بۆ پرسیاری سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند: ”لە ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێنەوە و لە ٢٠٠٤ەوە بودجەی هەرێم چۆتەوە بەغدا تا مانگی ٤ی ٢٠٢٠، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تەنیا یەك مانگ نەیتوانیوە خۆی بە تەنیا مووچە بدات. تا ٢٠١٤ بە تەواوی پشتی بە بودجەی عێراق بەستووە، بەڵام بەهۆی بڕیارێكی سیاسی لە ٢٠١٤ بودجەی هەرێمی كوردستان نەنێردراوە و تەنیا دوو تریلیۆن دراوە و ١٦ تریلیۆن دینار قەرزاری هەرێمی كوردستان بووە. لە ٢٠١٥ بودجەی عێراق ١١٦ تریلیۆن بووە كە بەشە بودجەی هەرێم ١٤ تریلیۆن بووە، عێراق تەنیا ٢ تریلیۆنی ناردووە و ١٢ تریلیۆن كەمتری ناردووە. لە ٢٠١٦ هیچی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە كە بودجەی عێراق ١٤٥ تریلیۆن بووە و بودجەی هەرێم زیاتر لە ١٢ تریلیۆن و ٥٧٠ ملیار دینار بووە. لە ٢٠١٧ بەشە بودجەی هەرێم ١١ تریلیۆن و ٦٠٥ ملیار بووە كەچی عێراق هیچی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە. لە ٢٠١٨ عێراق بەشەبودجەی هەرێم بە ١٢.٦٧٪ دانراوە، بەڵام عێراق لەو ساڵەدا ٣.٥ تریلیۆن نەنێردراوە. لە بودجەی ٢٠١٩دا كە پەیوەندیی هەرێم و مەركەز بە باشی ڕۆشتووە، لەو ساڵەدا عێراق ٦ تریلیۆن و ٦١٠ ملیار دینار كەمتر لە هەقی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە“.
دووپاتیشی كردەوە كە ئەو كورتهێنانەی لە بودجەی هەرێمی كوردستان دروست بووە، ”لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەبووە پڕی بكاتەوە و كورتهێنانێك هەبووە. وەك چۆن لە كابینەكانی پێشوەوە ٢٧ ملیار دۆلار قەرز و پابەندی ماوەتەوە و كەوتۆتەوە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە“.
وەزیری دارایی ئاشكرای كرد كە واقیعێك بەسەر ئەم كابینەیە سەپێندراوە كە حكوومەت بەشێكی مووچە كەمتر لە بڕی خۆی دابەش بكرێت، ”بە عێراقمان گوتووە ئامادەین ٢٥٠ هەزار بەرمیل و هەموو دۆسیەی نەوتیشتان رادەست بكەین بە مەرجێك هەموو قەرزەكانیش لە ئەستۆ بگرن. ئەمەی ئێستا ڕوودەدات هۆكارەكەی بڕیارێكی سیاسییە كە لە ساڵی ٢٠١٤دا دراوە و بەم دواییە قەیرانی دارایی و ئابووریشی بەسەردا هاتووە و ئێستا دۆخی عێراق خراپە و كەمكردنەوەی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بووە بە بەشێك لە پینەكردنی كورتهێنانی دارایی عێراق“.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئاخۆ بۆچی پێشتر ٢١٪ی مووچەی فەرمانبەران كەمتر دابەشكراوە و دواتر بڕیار دراوە بە لێبڕینی ١٨٪ دابەش بكرێت، ئاوات شێخ جەناب گوتی: ”ئەمە پەیوەندی بەو سیاسەتەوە هەیە كە خەرجیی خۆمانمان كەم كردۆتەوە تا ڕێژەی پارە بۆ مووچە زیاد بكەین. ئەگینا دۆخی ئێمە لە سایەی چاكسازی نەبێت، بەم پەلەپروزێیە ناكرێت. حكوومەتی ئێمە بەرنامەیەكی بۆ چوار ساڵ پێشكەش كردووە، لە مانگی یەكەم و دووەمەوە دەپرسن چیتان كرد، دەبێ چوار ساڵەكە لەسەرمان بوەستن تا بتوانین لەسەری كار بكەین“. گوتیشی: ”چەند بژارەیەكمان لەبەردەستدا بوو پێشتریش ناردمە بەردەستتان، ئێمە پێشنیازێك هەبوو دوو مانگ جارێك مووچە بدەین كە دەیكردە ٥٠٪. كەسمان بەوە ڕازی نەبووین خۆمان كورتهێنانمان ٣٥٪ بوو. ئەگەر هێزەكانی حەفتا و هەشتا و وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش و ئەوانەشمان جێبەجێ نەكردایە، كورتهێنانەكە دەبووە ٤١٪، بڕیارماندا پارەیەك قەرز بكەین و كورتهێنانەكە ببێتە ٢١٪”.
باسنيوز
