40 رۆژی دیکە جێگرەوەی رێبەری رووحیی ئێزدییەکان دیاریدەکرێت

40 رۆژی دیکە جێگرەوەی رێبەری رووحیی ئێزدییەکان دیاریدەکرێت
لە شێخان یەکەم رۆژی پرسە بۆ بابە شیخ رێبەری رووحانیی ئایینی ئێزدییەکان بەڕێوەچوو و دەبێت حەوت رۆژ بێت، بەڵام لەبەر کۆرۆنا کراوە بە سێ رۆژ و پێویستە تا 40 رۆژی دیکە شوێنگرەوەی دابنرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان سێ کەس وەک شوێنگرەوەی بابەشێخ دیاریکراون کە یەکێکیان کوڕیەتی و لە 25 ساڵی رابردوودا بەردەوام لەگەڵیدا بووە.

فەرهاد خرتۆ، کوڕی بابەشێخ راگەیاند، "داواکاریمان لە ئێزدییەکان ئەوەیە کە وەک سەردەمی بابەشێخ هاودەنگ بن، هەتا هەبن خێرخواز بن و دڵی یەکدی نەئێشێنن."

دەبێت ئەو کەسەری دەبێتە بابەشێخ لە ماڵباتی شێخ فەخریی ئادیا بێت لە شێخەکانی شەمسانی، دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی رووحانی و ئەنجوومەنێکی تایبەت هەیە بە ناوی جووقەتی بابەشێخ کە بڕیارە ئایینییەکان لەو ئەنجوومەنەوە دەردەچن.

راکان ناسر، شارەزای ئایینی ئێزدیانە و دەڵێت، "یەکێک لە مەرجەکانی هەڵبژاردنی بابەشێخ ئەوەیە کە دەبێت زانای ئایینی بێت و کەسێکی کۆمەڵایەتی بێت، شارەزاییەکەی هەر لە ئایینی ئیزدیدا نەبێ، بەڵکو لە ئایینی دیکەیشدا شارەزابێت."

پێگەی بابەشێخ بەرزترین دەسەڵاتی ئایینییە لەنێو کوردانی ئێزدیدا و هەموو رێوڕەسمێکی ئایینی پیویستی بە بڕیاری ئەو هەیە.

هادی بابەشێخ، برای بابەشێخە و دەڵێت، "ئەوەی کێ دێتە شوێنی ئەو، بڕیاری خەڵکی ئێزدییە. لە خوا دەپاڕێینەوە کەسێکی وا بێت کە شیاوی ئەو شوێنە بێت."

سەجادی بابەشێخ شوێنێکی تایبەتە کە لەسەری دادەنیشێت و کەسی دیکە بۆی نییە بچێتە سەری.
RUDAW -
Top