دەنگۆی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بووەتە هەڕەشە لەسەر رێککەوتنەکانی بواری وزە

دەنگۆی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بووەتە هەڕەشە لەسەر رێککەوتنەکانی بواری وزە
داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئێستا زیاتر دەنگۆیە و لە ئاستی باڵای دەسەڵاتی ئیدارەی واشنتن و بەغدا باسی لێوەدەکرێت.

لە مانگی ئابی ئەمساڵ کاتێ شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی واشنتنیان کرد، بە بڕی 8 ملیار دۆلار رێککەوتن لەنێوان عێراق و کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆکران کە زۆربەیان لەبارەی بنیاتنانی ژێرخانی وزەی عێراقن. ئێستا ئەو رێککەوتنە هەشت ملیار دۆلارییە لەژێر هەڕەشەدایە ئەوەش بەهۆی ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا.

سەجاد جیهاد، شرۆڤەکاری عێراقی دەڵێت: "بەبێ پاڵپشتی و هاوکاری واشنتن، زەحمەتە کۆمپانیاکانی وزە بتوانن پابەندبوونەکانیان بە رێککەوتنەکان پێشانبدەن کە لەگەڵ عێراق واژۆیان کردوون".

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی وزەی ئەمریکا کە لە 19ی ئاب بڵاوکرایەوە؛ دان بروولێت، وەزیری وزەی ئەمریکا باسی لەوە کردووە رێککەوتنەکانی بواری وزە کە لەکاتی سەردانی مستەفا کازمی بۆ عێراق واژۆکراون "دەبنە دەستەبەرکردنی وزە بۆ داهاتووی عێراق".

لەکاتی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، بەغدا لەگەڵ پێنج کۆمپانیای وزەی ئەمریکا رێککەوتنی واژۆکرد کە ئەوانیش کۆمپانیای شێڤڕۆن، جەنەڕاڵ ئەلیکتریک، بەیکەر هیوز، هۆنی وێڵ و ستێلار ئینێرجین.

لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کاریگەری لەسەر رێککەوتنەکان، کۆمپانیای شێڤرۆن رایگەیاندووە لێدوان لەبارەی سرووشتی لایەنە بازرگانییەکەی رێککەوتنەکە نادات، هاوکات بەیکەر هیوز دەڵێت "رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا تەنیا لێکتێگەیشتن بووە ئامانج لێی کارکردن نییە لە پرۆژەیەکی تایبەت".

پرسی ئاسایشی پاراستنی کۆمپانیا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هێرشی بیانی و گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی ئەمریکا نوێ نییە بەڵکو لە رابردوودوودا هێرشکراوەتە سەر باڵیۆزخانە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان. لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو بەهۆی ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک بۆ کێڵگەی نەوتی قەرنە یەک کە کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل وەبەرهێنانی لێدەکات، بووە هۆی ئەوەی ئێکسۆن مۆبیل ستافی بیانی خۆی لە عێراق بکشێنێتەوە و ئەو کۆمپانیایە ئێستا ئامادە نییە ژمارەی کارمەندە بیانییەکانی خۆی لە عێراق ئاشکرابکات.
RUDAW -
Top