پارێزگاری هەولێر جەخت لە بێدەنگكردنی مۆلیدەی گەڕەكەكان دەكاتەوە

پارێزگاری هەولێر جەخت لە بێدەنگكردنی مۆلیدەی گەڕەكەكان دەكاتەوە
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شارەوانییەکان کە لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چوو، وێڕای ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووەوە کرا، هاوکات پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بێدەنگکردنی مولیدە ئەهلییەکانی گەڕەک و شوێنە گشتییەکان کردەوە.

لەمبارەوە بەشی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 2020.10.3، بە سەرپەرشتیی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی دوو جێگری پارێزگار و قایمقامی ناوەندیی هەولێر و هەریەک لە سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و سەرجەم بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانی و فەرمانگەکانی پارک و باخچەکان و خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی، لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەی هەفتانەی شارەوانییەکان بەڕێوە چوو".

لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووەوە کرا، هاوکات جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بێدەنگکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی گەڕەک و شوێنە گشتییەکان و دەستپێکردنی هه‌ڵمه‌تى گه‌وره‌ى دارچاندن و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی کرایەوە کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە لەلایەن پارێزگای هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لە هەموو قەزا و ناحیەکان دەست پێ بکات.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها تیشک خرایە سەر چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە شارەوانییەکانی هەولێر.

ڕێکەوتی چوارشه‌ممه‌ 30/9/2020 فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند: "لە سبەی پێنجشه‌ممه‌ ‌1/10/2020وە ئەوەی مۆلیدەی بێدەنگی دانەنابێت، لە قۆناغی یەکەمدا سزا دەدرێت، له قۆناغی دووەمیشدا ئەگەر پابەند نەبێت، مۆلیدەکەی دەدرێته خەڵکی دیكه‌، ئێمە چیتر وادەی دانانی مۆلیدەی بێدەنگ درێژ ناکەینەوە".

روونیشی کردەوە: "پێش مانگی 5ی 2020 دیاری کرابوو بۆ دانانی مۆلیدەی بێدەنگ، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و کەرەنتینه‌وه‌، ماوەکە بۆ مانگی 10 درێژ کرایەوە".











باسنيوز



Top