کەشناسی: سبەینێیش باران دەبارێتەوە

کەشناسی: سبەینێیش باران دەبارێتەوە
باراننێکی ماوە کورت و هێواش چەند ناوچەیەکی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسییش دەڵێت، "سبەی شەممەش ئەو جۆرە بارانە پاییزییە دەبارێتەوە."

ئەژی چەتۆ، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بارانەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە ئەنجامی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕواست بوو کە هاتە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان.

بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی دەڵێت، پێشبینییش دەکرێت سبەی شەممە 2020/10/03ـیش هاوشێوەی هەینی ئەو بارانە پاییزییە ببارێتەوە.

ئەژی چەتۆ ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵکردنی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و بارانبارین لە سەرەتای پاییزدا نیشانەیەکی باشە بۆ دابەزینی پلەی گەرما و بارانبارینی زیاتر.

هاوکات بەڕێوبەرایەتی کەشناسیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ئەمڕۆ هەینی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراقی گرتووەتەوە، ئەمشەو و تاوەکو رۆژی شەممە و یەکشەممەش بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا خێرایی با زیاد دەکات."
rudaw -
Top