گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان رادەگیرێنەوە
نووسراوەکە لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقەوە لەڕێگەی ئیمەیلەوە بۆ کۆمپانیا گەشتیارییەکان نێردراوە، تێیدا هاتووە، دەزگای فڕۆکەوانیی مەدەنیی تورکیا، عێراقی ئاگادار کردووەتەوە هەموو گەشتەکان لەنێوان ئەو دوو وڵاتە رادەگیرێن.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق و دەزگای فڕۆکەوانیی مەدەنیی تورکیا هیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە لەبارەی هۆکاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان.
ئهحمهد هۆشیار، بهڕێوهبهرى گشتیی فڕۆكهخانهى نێودهوڵهتیی ههولێر رایگەیاند: ئێوارهى دوێنێ پێنجشەممە 1-10-2020، لهڕێگهى دهسەڵاتی فڕۆكهوانیی مەدەنی عێراقهوه ئاگادار كراونەتەوە كه به فهرمى وهزارهتى تهندروستیی توركیا داواى له دهستهى هێڵه ئاسمانییه مهدهنییهكانى توركیا كردووه، گهشتهكانى به گشتى لهگهڵ عێراق رابگرێت.
بەگوتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر له كاژێر 12:00ى ئهمشهو هەینی 2-10-2020 گهشتهكانى نێوان عێراق- هەرێمی کوردستان و توركیا تاوەکو كاتێكى نادیار رادهگیرێن.
شەوی هەینی 25ی ئەیلوول دوای چەندین مانگ لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، گەشتەکان لەنێوان فڕۆکەخانەی هەولێر و تورکیا دەستیان پێکردەوە.
پێشتر سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان توركیا و عێراق بە سنوورداری دەستیپێكردووەتەوە.
لاوەند مەموندی، سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا وەرگرتنی ڤیزەی توركیا ئاسان بوو، بە ئەلیكترۆنی وەردەگیرا، بەڵام ئێستا زۆر قورس بووە و تەنیا لە رێگەی سەردانیكردنی كۆنسوڵخانەكانەوە دەبێت.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق راگیراون و تاوەکو ئێستاش گەشتەکان ئاسایی نەبوونەتەوە.
rudaw -
