دەروێشێ سەعدۆ کۆچی دوایی کرد

دەروێشێ سەعدۆ کۆچی دوایی کرد
دەروێشێ سەعدۆ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئیلەهی باکووری کوردستان کۆچی دوایی کرد.

دەروێش سەعدۆ، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) لە باکووری کوردستان، لە 12ی مانگی رابردووەوە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شاری ئیلەهـ لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو.

دەروێشێ سەعدۆ دوای هەشت رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، تەندروستی بەرەو جێگیربوون رۆیشت و پزیشک رێگەی پێدا بچێتەوە بۆ ماڵ، بەڵام دوای سێ رۆژ مانەوەی لە ماڵەوە جارێکی دیکە تەندروستی تێکچووەوە و رەوانەی نەخۆشخانە کرایەوە، دوای شەش رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

ئازاد ئاکگول، کوڕی دەروێشێ سەعدۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەرمی باوکی لە ئیلەهەوە دەبەنەوە بۆ گوندەکەیان "بێکەندا" و لەتەنیشت سەعدۆ چەکن-ی باپیرییەوە بەخاکی دەسپێرن. گوتیشی: "کورد و کورستان سەلامەتبن".

دەروێشێ سەعدۆ کێیە؟

ساڵی 1934 لە ناوچەی مسرجە (گوردیلان)ی سەر بە شاری سێرت-ی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی گەنجێتیدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا پارتی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراندووە.

لە ساڵی 1975ەوە لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە. لە ژیانیدا پاڵپشتییەکەی زۆری ئەو حیزبەی کردووە و زۆرجار ماڵی خۆی کردووەتە بنکە بۆی.

لە ساڵی 2010دا لە کۆنگرەی 13ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە و بووە یەکەم کەس لە باکووری کوردستان ئەو خەڵاتەی پێبدرێ.

دەروێش سەعدۆ باوکی 4 کچ و 3 کوڕبوو، لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

rudaw -
Top