لە قەڵادزێ دوو برا دەکەنە شەڕ و یەکێکیان دەکوژرێت

لە قەڵادزێ دوو برا دەکەنە شەڕ و یەکێکیان دەکوژرێت
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیێنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوو برا لە گەڕەکی هەنارۆک لە قەڵادزێ بووەتە دەمەقاڵێ و شەڕیان، بەو هۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.

براکان بە گوتەی پۆلیسی راپەڕین، یەکێکیان پێشمەرگە بووە، ئەوی دیکەش کاسب. کەسوکارەکەیان دەڵێن، هۆکاری دەمەقاڵێکەیان کە دواتر شەڕی لێکەوتووەتەوە، نەزاندراوە. براکان چەکی تاپڕ و دەمانچەیان دژی یەکدی بەکارهێناوە و تەقەیان کردووە.

ئەو دوو برایە ناویان (ئـ . م . ع) لەدایکبووی 1991 و ( ع . م .ع ) لەدایکبووی 1995ـە. لە ئەنجامی شەڕەکە (ئـ . م . ع) گولـلەیەکی بەردەکەوێت و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانلەدەستدەدات. براکەی دیکەیشی بریندارە و شوێنەواری ساچمە بەسەر جەستەیەوە دیارە.

پۆلیسی راپەڕین ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، بریندارەکە بۆ سلێمانی بەڕێکراوە و "دوای گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی، تەرمەکەش رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە".

پۆلیس دەستی بەسەر هەردوو چەکە بەکارهاتووەکەدا گرتووە، دەڵێت، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.

k24 -
Top