زانکۆی سەڵاحەدینیش دەستپێکردنەوەی خوێندنی لەنێو هۆڵەکان راگەیاند

زانکۆی سەڵاحەدینیش دەستپێکردنەوەی خوێندنی لەنێو هۆڵەکان راگەیاند
سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، ئەنجومەنی زانکۆکەیان بڕیاریدا خوێندنی ساڵی 2020-2021 لە رێککەوتی 04-10-2020، کە دەکاتە رۆژی (یەکشەممە) لەنێو هۆڵەکانی خوێندن دەستپێبکاتەوە.

پێشتر زانکۆی کۆیە بڕیاریدا خوێندنی ئەمساڵ لەنێو هۆڵەکانی خوێندن دەستپێبکاتەوە و سەرۆکی زانکۆکەش رایگەیاند "رەزامەندیی وەزیری خوێندنی باڵامان وەرگرتووە و هەفتەی داهاتوو دەست بە پرۆسەی خوێندن دەکەین".

د. وەلی مەحموود، سەرۆکی زانکۆی کۆیە راگەیاند "پێشنیازمان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد کە خوێندنی ساڵی 2020-2021 لە زانکۆی کۆیە لەنێو هۆڵەکانی زانکۆ دەستپێبکاتەوە، نەوەک بەشێوەی ئۆنلاین. بۆیە دوابەدوای وەرگرتنی رەزامەندی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیارماندا لە رۆژی یەکشەممە 04-10-2020 قوتابیان بگەڕێنەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن و دەست بە خوێندن بکرێت".

لەبارەی گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتی خوێندندا، سەرۆکی زانکۆی کۆیە گوتی "رێکاری خۆپارێزیی تووندی تەندروستی لەکاتی دەوام دەگیرێنەبەر؛ خوێندکاران بەسەر چەند گرووپێکی بچووك دابەشدەكرێن، مامۆستایان و قوتابیانیش پابەند دەبن بە نووسراوی ژمارە 8728ی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە 27-9-2020 بۆ سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا حکومی و تایبەتەکان دەریکردووە بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندنی ساڵی نوێی خوێندن 2020 – 2021، هەر حاڵەتێکی نەخوازراویش دروستبێت لەکاتی خۆیدا بڕیاری نوێ دەدەین".

زانکۆی سلێمانیش لە 23ی ئەیلوول رایگەیاند، لە 04-10-2020 خوێندن لە زانکۆکە دەستپێدەکاتەوە، لە سەرەتاشەوە بۆ ماوەی شەش هەفتە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و پاشانیش بەپێی تایبەتمەندیی وانە و کۆلێژەکان، خوێندن بەشێوازی ئاوێتە بەردەوامیی پێدەدرێت.


ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان راگیراوە.
rudaw -
Top