ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكوومەتی فیدرالی دەكا هەرچی زووە بەشە بودجەی هەرێم خەرج بكات
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بەداخەوە تا ئێستاش ژمارەی تووشبووان و گیان لە دەستدان بەهۆی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوونە، بۆیە داوای لە هەموو دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كرد کە پابەند بن بە گشت ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان. لە هەمان کاتدا داوای لە هاووڵاتییانیش كرد خۆیان بپارێزن.
پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە وتەیەکی دەربارەی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو سەلاح کوێخا، سەرپەرشتیاریی پێشووی ئیدارەی گەرمیان پێشکەش کرد و باسی لە جوامێری و دڵسۆزیی سەڵاح كوێخا كرد و گوتی: ”كاك سەڵاح وەك چۆن لە شاخ پێشمەرگەیەكی ئازا و خەباتگێڕێكی دڵسۆز بووە، ئاوھاش لە سەردەمی سەرپەرشتیكردنی ئیدارەی گەرمیان، دڵسۆز و لە خەمی خزمەتكردنی گەرمیانی پایتەختی ئەنفال و گەرمیانییەكان بووە، جوامێرانە و مەردانە كاری كردووە و ھاوسەنگیی حوكمڕانی پاراستبوو، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی كەسوكار و گەرمیانییەكان دەكەین“.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خەڵک و بنەماڵەی میریی کوێت دەکات بۆ کۆچی دوایی میری کوێت شێخ (صباح الاحمد الجابر الصباح)، کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی دۆخی عێراق و هەروەها گرنگیی پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نووسینگە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا کردەوە، چونکە تێکچوونی دۆخی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی نییە.
پاشان هەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، کە لە لایەن لیژنەی دانوستانەوە ئامادەکرابوو. ئەنجوومەنی وەزیران نەخشەڕێگا و پلان و ڕاسپاردە پێشنیارکراوەکانی پەسەندکرد و لیژنەکەشی ڕاسپارد بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی و بەردەوامیدان بە ھەوڵەکانی پێشوو لەم دۆسیەدا و سەردانكردنی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان لە بەغدا لە نزیکترین دەرفەتدا و کارکردنی جددی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور، بەو پێیەی بابەتی خاک و ئەو ناوچە ناکۆکی لەسەرانە کاری لە پێشینەی ئەم کابینەیە و جێی بایەخ و گرنگیی ھەرێمی کوردستانە و بابەتە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، تەنیا بریتی نین لە بواری بوودجە و وزە.
لە کۆتاییدا د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا بە ژمارە و داتای پێویست، ڕوونکردنەوەی یاسایی و دارایی دەربارەی مووچە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو. تیایدا جەختکرایەوە لەوەی مووچە و شایستەی دارایی، بە یاسا چەسپێندراوی مووچەخۆرانە و ئەنجوومەنی وەزیران، بابەتی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران لە ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیە داناوە. ئەنجوومەن داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵی دەکات ھەرچی زووە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بکات تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، مووچە دابەش بکرێت. لە ھەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریشی پەسەند کرد بۆ زیادکردنی تەمویلی مووچەی داھاتوو بۆ 82٪ لە بری 79٪ و کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕاگرتنی تەمویل لە 21٪ بۆ 18٪.
باسنيوز
