وەزیری كارەبا: بۆ وەرزی زستان 500 مێگاواتی تر بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكەین

وەزیری كارەبا: بۆ وەرزی زستان 500 مێگاواتی تر بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكەین


لە هەولێر پڕۆژەی وێستگه‌ی كاره‌بای ئازادی نوێ 11، 33، 132 كه‌یڤی كرایەوە مەبەست لێی بەستنەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنان و خاوکردنەوەی پاڵەپەستۆی بەرزە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 29/9/2020، بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبا و پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەكانی وێستگه‌ی كاره‌بای ئازادی نوێ 132 كه‌یڤی، راكێشانی هێڵی پاڵه‌په‌ستۆی به‌رزی 132 كه‌یڤی و ده‌ركردنی فیده‌ره‌كانی 33 كه‌یڤی و 11 كه‌یڤی لە هه‌ولێر كرانەوە.

كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گوتەیەكیدا، ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەو پڕۆژەیە زۆر گەورەیە و لە چەند بڕگەیەك پێك دێ و نزیکەی 14.7 ملیۆن دیناری تێچووە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بارزۆری لەسەر تۆڕەکانی کارەبا.

باسی لەوەش کرد که لە مانگی هەشت نزیکەی بیست کاتژمێر کارەبا دراوەتە هاوڵاتیان، ئێستا 3000 تا 3200 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن و لەم وەرزی زستانەش 500 مێگاوات کارەبا زیاد دەبێتە سەر تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی.

ئاماژەی بەوەش دا، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی دابینکردنی کارەبا دەدات، بەڵام دەبێ هاووڵاتیانیش هاوکاربن لە بەهەدەرنەدانی کارەبا.

وەزیری كارەبا، سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، كە پشتیوانی پلانەكانیان دەكات بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی كارەبا.








باسنیوز
Top