700 پارچە زەوی بۆ مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی تەرخانکرا

700 پارچە زەوی بۆ مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی تەرخانکرا
بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 700 پارچە زەوی بۆ مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی تەرخانکران و بڕیاری تاپۆکردنیشیان درا.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەقی بڕیارەکەی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "دوای هەوڵە بەردەوامەکانمان لە هەموو قۆناخ و دۆخ و داخوازییە یاسایی و کاگێڕیی و تەکنیکییەکاندا، بۆ تەرخانکردن و تاپۆکردنی 700 پارچە زەوی بۆ مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی، بڕیاری تاپۆکردنی زەوییەکان لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە درا".

پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی لە مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی دەکات و ئاماژە بەوەش دەدات "شاناز و ئاسودەین کە توانیمان داکۆکیکارێکی راستگۆ و دڵسۆزبین لەم دۆسییەداو بە هیممەتی هەموو لایەک رێکارەکان تەواوبکەین و بودجەی جیاکردنەوەی زەوییەکانیش وەک پارێزگاری سلێمانی بگرینە ئەستۆ."

بەپێی ئەو بڕیارەی کە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، دابەشکردن و تاپۆکردنی پارچە زەوییەکان بە ناوی (دڵسۆز جەعفەر حسێن) دەستپێدەکات و بە (نامیق حەمەعەلی حەمەسەعید) کۆتایی دێت.

وەک لە فەرمانەکەدا هاتووە، تاپۆکردنی ئەو 700 پارچە زەویە لە کۆی زەوی پرۆژەی وەبەرهێنانەکە کارەکانی جیاکردنەوەی زەوی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ جێبەجێکراوە و بەناوی ئەو مامۆستایانەی کە لە پرۆژەی ئاماژەپێکراودا ناویان تۆمارکراوە. بەمەرجێک پێشتر لە وەرگرتنی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبووبن.

rudaw -
Top