ژمارەی مردووانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بۆ 26 کەس بەرزبووەوە
فڕۆکەکە سەر بە هێزی ئاسمانی ئۆکراینایە، دەستەیەکی حەوت کەسی و 20 مەشقکەری قوتابخانەیەکی فڕۆکەوانی سەربازی هەڵگرتبوو کاتێک شەوی هەینی لە کاتی هاتنە ژوورەوە بۆ نیشتنەوە لە فڕۆکەخانە لە چوهویڤ، نزیکەی 400 کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی کیڤی پایتەخت کەوتەخوارەوە و گڕی تێبەربوو.
سەرەتا دوو کەس رزگاریان بوو، بەڵام دواتر کەسێکیان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا تاوەکو ئێستا هیچ هۆکارێک بۆ تێکشکانی فڕۆکەکە نەزانراوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی شەممەی وەکو رۆژی ماتەمینی دیاریکرد بۆ قوربانیانی پێکدادانەکە و فەرمانیدا کە گەشتەکانی فڕۆکەکانی AN26 رابگیرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئەو پێکدادانە.
زێلینسکی کە سەردانی ناوچەی تێکشکانەکەی کرد، داوای هەڵسەنگاندنی تەواوی بۆ رەوشی کەرەستە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کرد .
فڕۆکەی جۆری AN26 فڕۆکەیەکی گواستنەوەیە کە لەلایەن هەردوو کارپێکەری سەربازی و مەدەنی بەکارهاتووە. ئاندرێ تاران، وەزیری بەرگریی رایگەیاند "ئەو فڕۆکەیەی کە کەوتووەتە خوارەوە لە ساڵی 1977 دروستکراوە. ئەم پێکدادانهش دووەمین کارەساتی گه ورەی ئاسمانی بوو که ئەمساڵ لە ئۆکراینا روودەدات."
لە مانگی کانوونی دووەم فڕۆکەیەکی بۆینگ 737 ی سەر بە کۆمپانیای ئۆکراینا ئێرلاینی نێودەوڵەتی پاش ماوەیەک لە فڕین لە فڕۆکەخانەیەکی تارانی لە وڵاتی ئێران خرایەخوارەوە و هەر 176 کەس لە سەرنشینەکانی کوژران.
فڕۆکەکە لە نێوان ئاڵۆزییە بەرزەکان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە خرابووە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا لە لێدانێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان جەنەڕاڵێکی باڵای ئەو وڵاتەی کوشت.
rudaw -
