رەوشی بەشێکی گوندەکانی زاخۆ ئارام بووەتەوە
بەڕێوەبەری شارۆچکەی باتیفا ئاماژە بەوە دەکات، رەوشی ناوچەکە 50٪ ئارام بووەتەوە، ئێستا جووتیار و خاوەن باخەکان لە 20 گوندی ناوچەکە گەڕاونەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە تورکیا لەماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا بەقووڵایی 15 کیلۆمەتر و درێژی 40 کیلۆمەتر هاتبووە نێو سنووری هەرێمی کوردستان و 35 خاڵی سەربازیشی لە ناوچە سنوورییەکان داناوە.
سەرەتای ڤیدیۆکە هاونیشتمانییەکی گوندی ئەڤلەهێ دەبینن، دوای ئەوەی خانووەکەی لەلایەن سوپای تورکیاوە تێکدرا، دووبارە بونیادی دەناتەوە و لە بلۆکە کەرتبووەکان، خانوو دروستدەکاتەوە. دەڵێت، تاوەکو ئێستا تورکیا سێ خانووی رووخاندوون.
بەهۆی گەڕانەوەی ئەو ئارامییە بۆ ناوچەکە، زیاتر لە 20 خێزان کە پێشتر بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکان گوندەکانیان لە سنووری زاخۆ چۆڵکردبوو، ئێستا گەڕاونەتەوە گوندەکانی خۆیان. بەشێکیان داری سووتاوی شەڕی تورکیا و پەکەکە لەو ناوچانە بۆ زستانی ئەمساڵ ئامادە دەکەن.
ئەو گوندە هێشتا کاریگەریی شەڕی بەسەرەوە ماوە، جەمیلە ژنە جووتیارێکی گوندەکەیە و دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکەوە دەوروبەری گوندەکەیان سووتاوە، لەوەڕ کەمبووەتەوە بۆ ئاژەڵەکانیان، بەوهۆیەوە شیریان کەمی کردووە. دەشڵێت، عەلەف گرانە و بۆیان ناکڕدرێت.
بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، نزیکەی 50 گوندی هەردوو شارۆچکەی باتیفا و دەرکار چۆڵکراون.
rudaw -
