بەهۆی تەشەنەی زیاتری پەتای کۆرۆناوە قوتابخانەکانی کرماشان دادخرێن

بەهۆی تەشەنەی زیاتری پەتای کۆرۆناوە قوتابخانەکانی کرماشان دادخرێن
پاش زیادبوونی ژمارەی تووشبوان و قوربانیانی پەتای کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان، بڕیار دراوە لە سبەینێ یەکشەممەوە قوتابخانە و خوێندگەکانی ئەو پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابخرێن.

بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، هووشەنگ بازوەند پارێزگاری کرماشان، ئاشکرای کردووە ژمارەی تووشبوو و قوربانیانی پەتای کۆرۆنا لەم پارێزگایە لە بەرزبوونەدایە و یەکێک لەو ڕێکارانەی دەیگرینە بەر، داخستنی قوتابخانەکانە کەلە سبەینێ یەکشەممە 2020.9.27وە دەست پێ دەکات.

پارێزهگاری کرماشان ئاماژەی بەوەش داوە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا ١٩ خاڵ و ڕێکاری خۆپارێزییان بۆ پێشگیری و بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەستنیشان کردووە.

پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لەو ناوچانەیە کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆناوە، خەڵکێکی زۆر تووش بوون و هەفتەی ڕابردووش سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەو پارێزگایە ڕای گەیاند دوای بڕیاری کردنەوەی قوتابخانە لەو پارێزگایە هەتا ئێستا ١٣ قوتابی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی دوایین ئامارەکان لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦ کەسی دیکە لە پارێزگای کرماشان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە هەتا ئێستا لە پارێزگای کرماشان ٥٩٢ کەس گیانیان لەدەست داوە کە تەنیا لە شاری کرماشان ٣٣٥ کەس گیانیان لەدەست داوە و شاری شائاباد بە ٥٢ کەس و کەنگاوەر بە ٢٣ کەس لە پلەکانی دووەمو سێیەمدان لەڕووی زۆری ئاماری قوربانیانەوە.

هەتا ئێستا لەو پارێزگایە ١٢ هەزار و ٤٤٩ کەس تووش بوون، کە ١١ هەزار و ٥٠٢ کەسیان چاک بوونەتەوە.












باسنيوز




Top