لە هەولێر بابەتی ژینگەپارێزی و جێبەجێکردنی یاسای زێدەڕۆیی گفتوگۆی لەسەر كرا
ئەمڕۆ شەممە 26/9/2020، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر بابەتی ژینگەسازی و جێبەجێكردنی یاسای زێدەڕۆیی و رێگریكردن لەو دیاردەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر، كۆبوونەوەیەك گرێدرا،
كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی كارگێڕیی پەیوەست بەو بابەتە بەڕێوە چوو.
ساسان عەونی، تیشکی خستە سەر پرسی ژینگەسازی لە رووی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و چارەسەركردنی و چاودێریی پرۆسەكە لە لایەن دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە شارەوانییەوە، هەروەها ڕای گەیاند كە ئەركی هاونیشتمانیشە لەو رووەوە هۆشیاری هەبێ.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە بارەی جێبەجێكردنی یاسای زێدەڕۆیی و بەناوكردنی خانووە زێدەڕۆكانەوە، گوتی پەلە بكرێ لە جێبەجێكردنی یاساكە بۆ بەناوكردنی خانووە زێدەڕۆكان و رێگریكردن لە زێدەڕۆیی لە سنووری پارێزگەی هەولێر و لەو ڕووەوە هەر کەسێک کەمتەرخەمی بکات، بە گوێرەی یاسا سزا دەدرێت.
لەلای خۆیەوە دكتۆر فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، ئاشكرای كرد، كە لەگەڵ فەرمانگەی شارەوانییەکان، بەم زووانە هەڵمەتێکی ژینگەسازی و چاندنی دار لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەچێت.
پارێزگاری هەولێر جەختیشی لە هەماهەنگی نێوان پارێزگای هەولێر و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی كردەوە، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك پلانێكی نوێ بۆ ژینگەسازی و بایەخدانی زیاتر بە ژینگەی هەولێر دابنرێ.
باسنيوز
