منداڵێکی تووشبووی تالاسیمیا لە هەولێر: چارەسەرم بکەن، منیش دەمەوێت دڵخۆش بم

منداڵێکی تووشبووی تالاسیمیا لە هەولێر: چارەسەرم بکەن، منیش دەمەوێت دڵخۆش بم
دالیا تەمەنی 20 ساڵە، تووشبووی تالاسیمیایە، 19 ساڵە چارەسەر وەردەگرێت و دەبێت 15 رۆژ جارێک خوێن وەربگرێت. بە هاوکاریی بانکی خوێن کێشەی خوێنی بۆ چارەسەر کراوە، بەڵام رۆژانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر تووشی کێشە دەبن.

دلێر فەتحوڵڵا باوکی دالیایە و فەرمانبەرە، دەڵێت "ئێستا سیستەمی خوێن زۆر باشە، بەڵام کەموکوڕی لە دەرمان و نەخۆشخانەکە هەیە، پێمان خۆشە تەواریی تایبەت بە خۆمان هەبێت".

محەممەد زیاد تووشبووی تالاسیمیایە، ئاماژەی بەوە کرد "سەرەتا داوامان سەنتەر بوو، بەڵام ئێستا داواکان کورت بوونەتەوە بۆ سادەترین دەرمان، داوا لە کاک مەسرور دەکەم با سەنتەرێکمان بۆ دابینبکات بە موختەبەرەوە، چونکە بەڕاستی پێویستم بە هەر پشکنینێک بێت، دەبێت بچین لە دەرەوە بە پارە بیکەین گەر لێرە نەبێت".

لە هەولێر هەزار و 200 تووشبووی تالاسیمیا هەن، رۆژانە تەنیا سێ پزیشک چاودێریی دۆخی تووشبووان دەکەن؛ بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆنا، تاکە سەنتەری چارەسەری تووشبووان رووبەڕووی کەمیی تیوبی تایبەت بە پشکنین، دەرزیی دژە ئاسن و دەرمانی پێویست و ناردنی تووشبووان بۆ چاندنی مۆخ لە وڵاتانی دیکەش راگیراوە.

هەناسە فەرهاد تووشبوویەکی دیکەی تالاسیمیایە و تەمەنی هەشت ساڵ و نیوە، داوادەکات مۆخی بۆ بگۆڕدرێت، دەڵێت "تا گەورەتر نەبوومە، چونکە گەورە ببم ئیتر چاک نابێت".

سروە جەباری، گوتەبێژی کۆمەڵەی تالاسیمیا – تیوب دەڵێت "دەرمان و پێداویستیمان نییە، مانگێک هەیە و دوو مانگ نییە، ئەمە یاریکردنە بە ئازارەکانی نەخۆشی تالاسیمیا دەیکەن، داوادەکەم کاک مەسرور بۆ خۆی بێتە سەر خەت و چیتر تەحەمول نەما".

پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبووانی تالاسیمیا پێنج ساڵە تەنیا هەر بڕیارە و جێبەجێ نەکراوە؛ دابینکردنی پێداویستییەکانی چارەسەرکردنیش لە سەنتەرەکە، پێویستی بە بودجەیەکی تایبەتە.

د. حەمید عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیا گوتی "دەرمانە سەرەکییەکان هەمووی لە بەغداوە بۆمان دێت، کە لە بەغداوە بۆمان نەیەت حکومەتی هەرێم ناتوانێت عەقد بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە.. بودجەیەکی یەکجار خەیاڵیی پارەی دەوێت و لە توانای حکومەت نییە بە ئاسانی بتوانێت ئەو دەرمانانە دابین بکات".

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە پێنج تووشبووی تالاسیمیا لە هەولێر گیانیان لەدەستداوە و دۆخی زۆربەیان کە تەمەنیان هێشتا نەگەیشتووەتە 20 ساڵ، رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت.
rudaw -
Top