واشنتن سزای دیكە بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و دادوەری زۆرانبازەكەش دەگرێتەوە

واشنتن سزای دیكە بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و دادوەری زۆرانبازەكەش دەگرێتەوە
نێردەی ئیدارەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران، ئیلیۆت ئەبرامز رایگەیاند، واشنتن ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆمەڵە سزایەكی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.

ئەبرامز، (كە ھاوكات پۆستی نێردەی تایبەتی ئیدارەی ئەمەریكای ھەیە بۆ كاروباری ڤەنزوێلا) لەكاتی دانیشتنێكی گوێلێڕاگرتن لە لیژنه‌ی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیراندا، گوتی: ئەو سزا نوێیانە ژمارەیەك بەرپرس و قەوارەی دیكە لە ئێران دەگرێتەوە، لەوانەش ئەو دادوەرەی بڕیاری لەسێدارەدانی دژی زۆرانباز ناڤید ئەفكاری دەرخست.

ئەفكاری لە 12 ئەم مانگە لە زیندانی عادل ئاباد لە شاری شیراز لە لایەن حكومەتی ئێرانەوە لەسێدارە درا بە تومەتی كوشتنی ئەندامێكی ئەمنی ئێرانی لەمیانی خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكومەت لە ساڵی 2018 و ئەفكاری ئەم تومەتەی ئاراستەی كرابوو بە ھەموو شێوەیەك رەتیكردبوویەوە. وێڕای نارەزایی و رەخنەی وڵاتان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دژ بە سێدارەدانی ئەفكاری، بەڵام حكومەتی ئێران بڕیارەكەی ھەر جێبەجێكرد.
k24 -
Top