سوپای نیشتمانیی لیبیا: سەركردەی رێكخراوی داعش لە باكووری ئەفریقیا كوردی عێراق بووە
لیوا ئەحمەد مسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا لە لێدوانێكدا گوتی، لە 15ی ئەم مانگەدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاندووە شانەیەكی چەكدارانی داعشیان لە گەڕەكی عەبدولكافی لە شاری سەبها لەناوبردووە كە لە 9 چەكدار پێكهاتبوون و دوو هاوژینی ئەو چەکدارانەشیان دەستگیرکردووە.
مسماری باسی چۆنیەتیی دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیەی داعش دەکات و دەڵێت، ئەو كات رایانگەیاندووە کە سەركردەی رێكخراوی داعش لە لیبیا ناسراو بە ئەبو عەبدوڵڵای لیبی لە نێو كوژراوەكاندایە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەی ورد و دەستگیركردنی چەكدارێكی دیكەی داعش لە ناوچەی غدوە دەركەوتووە كە كوژراوەكە ئەبو مەعازی عێراقی بووە؛ کە بە ئەبو عەبدوڵڵای عێراقیش ناسراو بووە و سەركردەی رێكخراوی داعش بوو لە باكووری ئەفریقیا.
گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا باس لەوە دەکاتە کە ، ئەبو عەبدوڵڵای عێراقی لە 12ی ئەیلولی 2014 لەگەڵ عەبدولعەزیز ئەنباری، بە پاسپۆرتی ساختەی لیبی و لەرێگەی توركیاوە چوونەتە لیبیا . بەگوتەی مسماری لەو کاتەدا ،بە بڕیاری ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی رێكخراوی داعش، عەبدولعەزیز ئەنباری، بە ئەمیری رێكخراوی داعش لە لیبیا و ئەبو عەبدوڵڵای عێراقیش بە یاریدەدەری دانرابوون.
لیوا ئەحمەد مسماری دەڵێت، دوای كوژرانی عەبدولعەزیز ئەنباری لەلایەن سوپای لیبیا لە درنە لە ساڵی 2015، ئەبو عەبدوڵڵای عێراقی بووەتە سەركردەی رێكخراوی داعش لە باكووری ئەفریقیا. هەروەها دەڵێت "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەبو عەبدوڵڵای عێراقی ناوی عەبدوڵڵا ربعیە و كوردی عێراقە".
rudaw -
