لە دهۆک ژنێک بەهۆی زۆریی کێشی لەشییەوە ناتوانێت بجووڵێت
قیسمەت ئەحمەد، ژنێکی 48 ساڵە لە گوندی گۆڤکێی دهۆک و کێشی نزیکەی 300 کیلۆگرامە، لە پێ کەوتووە، ساڵ و نیوێکە لە ژوورێکی خراپدایە و دەرەوەی نەدیوە.
قیسمهت ئهحمهد، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "ماوەیەک لای خوشکم دەژیام. ئەوە ماوەیەکی زۆرە کەسم نییە و بە تەنیا لەم ژوورەدا دەژیم".
خەڵکی گوندەکە هاوکاریی دەکەن، دەیشۆن و خواردنی دەدەنێ و دەڵێن کە بۆ ئەوان زۆر سەختە، چونکە کێشی گەلێک قورسە و هیچ ناجووڵێت.
عەزیزا ئهحمهد، ژنی ماڵەوەیە و دەڵێت، "بۆ ئێمە زۆر سەختە. ئێمەیش ماڵ و منداڵمان هەیە. خەڵکی گوند بۆ خێری خوا هاوکاریی دەکەین. هەڵگرتن و دانانی زۆر سەختە و بە دوو کەسەوە ناتوانین بیجووڵێنین".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپیدانی کۆمەڵایەتی ئاگایان لە رەوشی قیسمەتە و ماوەیەک لەمەوپێش چاودێرییان کردووە، بەڵام توانای حەواندنەوەیان نییە.
د. شێرزاد هرووری، بەڕێوەبەری چاودێریی گەشەپیدانی کۆمەڵایەتییە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا لە خانەی بەساڵاچوواندا یاسا رێگە نادات کەسیکی وا وەربگرین. ئێمە توانا و دەسەڵاتمان نییە کە کەسێکی وا وەربگرین".
ژیانی قیسمەت لەنێو چوار دیواردایە و لە بینینی دەرەوە بێبەش بووە. قیسمهت دوای مردنی مێردەکەی بێکەسوکار ماوەتەوە کە منداڵیان نەبووە و بە تەنیا دوو خوشکی هەیە کە شەش ساڵە نازانێت لە کوێ دەژین.
rudaw
