قەشەیەکی موسڵ بەربژێرە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤی یەکێتیی ئەوروپا

قەشەیەکی موسڵ بەربژێرە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤی یەکێتیی ئەوروپا
بەربژێرەکان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا راگەیێندران و یەکێک لەوانیش کەسێکە کە یارمەتیی کریستیانەکان، سریانەکان و ئاشوورییەکانی داوە بۆئەوەی لە ساڵی 2014 و لەکاتی هێرشی داعشدا بۆسەر موسڵ و دەشتی نەینەوا، خۆیان بگەیێننە هەرێمی کوردستان.

ساڵانە پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤ پێشکێشی ئەو کەس، گرووپ و رێکخراوانە دەکات کە کاردەکەن بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان. ساڵی رابردوو خەڵاتەکە درایە ئیلهام تۆهتی، پسپۆڕی بواری ئابووریی ئۆیگوورەکان کە هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی مافی ئۆیگوورییەکانی چین.

ساڵی 2016ش نادیە موراد و لەمیعە بەشار، دوو کچە کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش براوەی خەڵاتەکە بوون، ئەوەش لە بەرامبەر هەوڵیان بۆ "ئازادیی بیروڕا". پێشتر نێلسن ماندێلا، سەرۆکی پێشووتری ئەفریقیای باشوور و کۆفی ئەنان، سکرتێری گشتیی پێشووتری نەتەوە یەکگرتووەکان لە براوەکانی خەڵاتەکە بوون.

یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی ئەمساڵ بریتییە لە نەجیب مووسا، قەشەی ناسراوی موسڵ کە لە ساڵی 2014دا کاری جیددیی کرد بۆئەوەی سریانی، کلدانی و کریستیانەکانی موسڵ و دەشتی نەینەوا لەدەستی داعش رزگاریان ببێت و بتوانن بگەنە ئارامیی هەرێمی کوردستان.

نەجیب مووسا توانیی زیاتر لە 800 تێکستی مێژووییش لە لەناوچوون بپارێزێت، کە مێژووەکەیان بۆ سەدەکانی 13 تاوەکو 19ی زاینی دەگەڕێنەوە.

چەند کەسێکی دیکە بەربژێرن بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، لەوانەش سڤیاتلانا سیخانووسکا، چالاکڤان و سیاسەتمەداری بیلاڕووسی کە سەرەکیترین بەربژێری ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە بوو بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی مانگی رابردووی بیلاڕووس.

هاوکات ژمارەیەک چالاکڤانی هیندۆراسیش بەربژێری وەرگرتنی خەڵاتەکەن؛ ئەوان بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپێشاندانێکدا دژی کۆمپانیایەک کە کارەکانی ژینگەی پیس دەکرد، دەستگیرکراون و لە زینداندان.

لە کۆتایی ئەم مانگەدا لیژنەکانی کاروباری دەرەوە، مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی پەرلەمانی ئەوروپا دوایین سێ کەس وەکو بەربژێر دەهێڵێتەوە و رۆژی 22ی تشرینی یەکەمیش براوەکە رادەگەیێندرێت. رۆژی 16ی دیسێمبەر خەڵاتەکە لە رێوڕەسمێکدا لە پەرلەمانی ئەوروپا دابەشدەکرێت.
rudaw -
Top