ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو پێش ئەوەی بگاتە مەزارگەی شەرەفەدین تەقیەوە
خودێدا چوکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەقینەوەکە کیلۆمەترێک لە مەزارگەی شێخ شەرەفەدین دوورە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ دەشڵێت، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە.
شاهێدحاڵێکیش لە شوێنی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کاتەی کە تەقینەوەکە روویدا ئێمە لە نزیکی رووداوەکە بووین، بەڵام نەمانزانی کێ و چۆن تەقیوەتەوە. لە ئۆتۆمبێلەکەشدا هیچ سەرنشین و شۆفێرێکی تێدا نییە."
شاهێدحاڵێکی دیکەش سەبارەت بە کاتی تەقینەوەکە گوتی، "ئێمە تەنیا گوێمان لە دەنگێکی بەهێز بوو و دواتر ئاگرێکی گەورە کەوتەوە. ئەو تەقینەوەش نامەیەکە بۆ ئێمە و دەیانەوێت بمانترسێنن، بەڵام ئێمە لە هیچ ناترسێین و مرۆڤ هەر جارێک دەمرێت."
k24 -
