سوپای لوبنان بە ژمارە زیانەکانی تەقینەوەی بەندەرەکەی بەیرووتی ئاشکرا کرد
سوپای لوبنان، کە پرۆسەی رووپێوکردنی زیانەکانی تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووتی لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا لە ئەستۆ گرتبوو، ئاشکرایکرد تیمەکانی بەردەوام دەبن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی 9 کەس کە هێشتا دیارنین و پێکهاتوون لە سێ لوبنانی، پێنج سووری و میسرییەک.
سوپای لوبنان ئاشکرایکرد پرۆسەی رووپێوکردنەکە 85 هەزار یەکەی جیاوازی گرتووەتەوە.
رۆژی چواری مانگی ئابی ئەمساڵ، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری بەیرووت روویدا، تەقینەوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 190 کەس، برینداربوونی 6500 کەس و بێماڵوحاڵبوونی نزیکەی 300 هەزار کەس کە خانوو و شوقەکانیان، بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانی بەرکەوت.
عەمید ئیلیاس عاد، بەڕێوبەری بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای لوبنان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەیرووت، ئاشکرایکرد "هێشتا دۆسێی کەسە بێسەروشوێنەکان دانەخراوە" و کارەکانی گەڕان بەدوای 9 کەسدا درێژەیان دەبێت لەلایەن تیمەکانی سوپاوە.
لە کۆنگرەکەدا سوپا رایگەیاند "85 هەزار و 744 یەکەی زیانبەرکەوتوو، رووپێویان بۆ کراوە"، لە نێویاندا "60818 یەکەی نیشتەجێبوون، 962 چێشتخانە، 19115 دامەزراوە و کۆمپانیای بازرگانی، 12 نەخۆشخانە، 82 دامەزراوەی فێرکردن، 1137 یەکەی ئاسەوار، کە بریتین لەو باڵەخانە مێژووییانەی لە نزیکی بەندەرەکە زیانیان بەرکەوتووە".
سوپا رایگەیاند، کە نموونەی قەبارەی زیانەکان بریتییە لە 550 هەزار مەتری چوارگۆشە شووشە و زیاتر لە 108 هەزار دەرگای ناوخۆیی باڵەخانەکان.
سوپای لوبنان ئاشکرایکرد "رووپێوی زیانەکان تەواوە و پێویست بەرووپێوکردنەوەی دیکە ناکات، لەلایەن وڵاتە کۆمەکبەخشەکانەوە"، ئاماژەی بەوەدا کە هەر وڵاتێک بیەوێت کۆمەکی لوبنان بکات، دەتوانێ پشت بەو داتایانەی تیمەکانی ئەوان ببەستێت.
لە پەیوەست بەهەمان زانیاریدا، ماڵپەری فەرمیی 'سوپای لوبنان' بڵاویکردەوە کە تیمەکانی رووپێوکردنی زیانەکان، ماوەی 15 رۆژی بەردەوام کاریان کردووە لە رێگەی تیمێکی کاری سەربازییەوە، کە پێکهاتبوون لە 250 لیژنە و کۆی ئەندامانی ئەو لیژنانە، دوو هەزار کارمەندی سوپا بوون لە ئەفسەران و پلەداران.
ئەوەشی ئاشکراکردووە کە تیمەکانی سوپا، لەلایەن ئەندازیاران و خۆبەخشانەوە لە رووپێوکردنی زیانەکاندا، هاوکاریکراون.
پێشتر و لە رۆژی 14ی ئەم مانگەدا، بڵاوکراوەیەکی سوپای لوبنان، دەستبەکاربوونی تیمەکانی بۆ هەڵگرتنەوەی پاشماوەی باڵەخانە رووخاوەکان، لە نێو بەندەرە وێرانەکەی بەیرووتدا راگەیاند "لەپێناو رێگەخۆشکردن بۆ بەکارکەوتنەوەی بەشێکی بەندەرەکە و گەیشتنی کەشتییەکان".
بڵاوکراوەکەی سوپا ئەوکات ئاشکرایکردووە، کە 4214 ئۆتۆمبێلیش لە تەقینەوەکەدا زیانیان پێگەیشتووە، ئەوەشی ئاشکراکردبوو کە 40 کەس، بەتۆمەتی دزیکردن لە کەلوپەلە زیانپێگەیشتووەکانی بەیرووت، دەستگیرکراون.
هاوکات مەروان عەبود، پارێزگاری بەیرووت، داوای لە سوپای لوبنان کرد، دانیشتووانی ئەو ناوچانەی زیانی زۆریان پێگەیشتووە، لە باڵەخانەکانیان دووربخاتەوە.
پارێزگاری بەیرووت ئاشکرایکردووە، ژمارەیەک خانوو و باڵەخانە لە ناوچەکانی رمێل و مدەوەر، رێگەیان پێنادرێت دانیشتووانەکەی بچنەوە ناوی، لەبەر زۆریی قەبارەی ئەو زیانەی بەریان کەوتووە و پاش ئەوەی تیمەکانی لێکۆڵینەوە، دڵنیابوونەتەوە لەوەی، ئەو باڵەخانە و خانووانە مەترسی رووخانیان هەیە.
لە دوای تەقینەوەی بەندەرەکەوە کە بەهۆی تەقینەوەی 2750 تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم، لە نێو یەکێک لە کۆگاکانی بەندەرەکەدا روویدا، هەڵمەتی بەرچاوی هاوکاریی لە دەوڵەتانەوە بۆ لوبنان رێکخرا، چەندین بەرپرسی گەورەی وڵاتانیش سەردانی بەیرووتیان کرد، دیارترینیان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بوو.
فەرەنسا لە 9ی مانگی ئابی ئەمساڵدا، سەرپەرشتی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ کۆمەککردنی لوبنان کرد، لە کۆنگرەکەدا وڵاتانی کۆمەکبەخش بەڵێنی دابینکردنی 250 ملیۆن یۆرۆ هاوکارییان بۆ لوبنان دا، بەومەرجەی هاوکارییەکان بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دابەشبکرێت و راستەوخۆ بگەیەنرێتە خەڵک، بێئەوەی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی لوبنان کە بەگەندەڵی تۆمەتبارن، دەستیان بەو هاوکارییانە بگات.
k24 -
