بەرگریی شارستانیی سلێمانی: ڤیدیۆی ئاگرکەوتنەوە لە سنەوبەرەکانی تاسڵوجە کۆنە

بەرگریی شارستانیی سلێمانی: ڤیدیۆی ئاگرکەوتنەوە لە سنەوبەرەکانی تاسڵوجە کۆنە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت بەشێک لە سنەوبەرەکانی رێگەی تاسڵوجە - سلێمانی دەسووتێن، پەرلەمانتارێکی گۆڕانیش دەڵێت، بە مەبەست و بۆ پرۆژەی بازرگانی دەسووتێندرێن، بەڵام گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، ئەو ڤیدیۆیە کۆنە و هی نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەرە.

نەقیب رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی دوو مانگی رابردوو چوار کەیسی ئاگرکەوتنەوە لە سنەوبەرەکانی سەر رێگەی تاسڵوجە - سلێمانی هەبوون کە سێ دانەیان لە رۆژدا بوون و لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی "بەزوویی" کۆنترۆڵکراون.

بە گوتەی رێکان جەمال، دوایین رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو ناوچەیە لە 2-8-2020 بووە. لەبارەی ئەو دەنگۆیەی کە دەڵێت، دوای کاژێر 12:00ـی شەو گڕ لە دارەکان بەردەدرێت، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، "سێ ئاگریان بە رۆژ بوون و ئەو ئاگرەی کە لە شەویشدا بووە لە نزیکی کاژێر 08:00 بووە".

پێشتر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پلان هەیە بۆ سووتاندنی ئەو دار سنەوبەرانە تاوەکو بکرێت بە پێشانگەی ئۆتۆمبێل و "100 ملیۆن دینار قازانج بکات".

نەقیب رێکان ئاماژە بەوە دەکات، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی و بەرگریی شارستانی بڕیارە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکەن. بەپێی زانیارییەکانی رووداویش، بەشێک لە دارەکان دەرمانیان دەکرێتە ژێر بۆ ئەوەی وشک ببن.
k24 -
Top