بەندەری بەیرووت بەر لە تەقینەوەکە.. قاچاخ ، بەرتیل و هێڵی گواستنەوەی چەک

بەندەری بەیرووت بەر لە تەقینەوەکە.. قاچاخ ، بەرتیل و هێڵی گواستنەوەی چەک
هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری راستەقینە و ئەنجامدەری تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت ئاشکرا نەکراوە. حکومەتی لوبنان سوورە لەسەر ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان بەتەنیا، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندینجار هەوڵیداوە لە رێگەی گوشارەوە، بەیرووت رازیبکات دەزگای نێودەوڵەتی جیاواز، بێنە ناو لێکۆڵینەوەکانەوە.

تەقینەوەکە ئەگەر هیچ ئەنجامێک لە هۆکار و دەستە نهێنییەکەی پشتیشتی ئاشکرا نەبووبێت، سەرنجی زۆر ناوەندی جیهانی و میدیای بۆ ئەوە راکێشاوە کە دۆخی بەندەرەکە پێشتر چۆن بووە و چی تێدا گوزەراوە. تیشکیشی خستە سەر رادەی بێباکی، پشتگوێخستن، سەلامەتی و نەپاراستنی گەورەترین سەرچاوەی داهاتی دارایی لوبنان.

ئێوارەی رۆژی 4ی ئابی ئەمساڵ، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەری بەیرووتدا روویدا، تەقینەوەکە 160 کوژراو و زیاتر لە 6 هەزار بریندار و 300 هەزار کەسی بێماڵوحاڵی لەدوای خۆی بەجێهێشت. بەرپرسانی بەیرووت، شارەکەیان بە 'وێرانە' ناوبرد.

تەقینەوەی بەندەرەکە، سەرنجی دونیای بردە سەر شوێنێک، کە پێشتر مۆڵگەیەکی گەورەی گەندەڵی و بەقاچاخبردن بووە لە هەموو جیهاندا، بەتایبەت کە چەندین راپۆرتی جیاواز، باس لە باڵادەستبوونی حیزبوڵڵای لوبنانی، بەسەر دەسەڵاتەکانی ناو بەندەرەکە دەکەن و دووپاتیدەکەنەوە، ئەو شوێنە بازرگانییە، هێڵێکی گەرمی کارە نایاساییەکانی ئەو حیزبە بووە.

ئاژانسی 'فرانس پرێس' لە نوێترین راپۆرتدا، تیشکی خستووەتە سەر رۆژانی بەر لە تەقینەوەی بەندەرەکە. ئاژانسەکە وایداناوە کە ئەوەی لەوێ روویداوە "نموونەیەکی بچووکی دامەزراوەکانی دەوڵەتی لوبنانە، لە رووی تەشەنەکردنی گەندەڵی و خزمخزمێنە و بەرتیل و دەسەڵاتی بەهێزی سیاسی".

هێڵە گەرمەکەی حیزبوڵڵا

وەک ئاژانسەکە رایگەیاندووە: "لە بەندەری بەیرووتدا، قاچاخچیەتی، خۆدزینەوە لە باج، بەرتیل و بردنەوەی کەمکردنەوە ئاشکراکان، گومانی زۆریان لەسەرە. مووچەی خەیاڵیی کە فەرمانبەرانی باڵا سوودیان لێوەرگرتووە، کە سەر بەهێزە سیاسییەکان بوون".

زیاتر دەڵێت "هێڵێکی خێرای حیزبوڵڵا، هێزە سیاسییە دیارەکەی لوبنان، کە لەپاڵ سوپای لوبناندا چەکی پێیە، وایکردووە ئەوەی دەیەوێت، بەبەندەرەکەدا بیهێنێت بەبێ ئەوەی کەس چاوی لەسەر بێت. هەروەها ئەو دەستەوارانە سوودیان بۆ بەرپرسان و فەرمانبەرانی سەر بە هێزە سیاسییەکان لێکەوتووەتەوە و ئەوان بوونە چینێکی فراوان، کە لوبنانییەکان داوای رۆیشتنیان لە وڵاتەکە دەکەن".

ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، دیارترین لایەنە سیاسییە سوودمەندەکانی ناو بەندەرەکە، کە چاودێران ئاماژەی پێدەدەن، رەوتی نیشتمانیی ئازادە بە سەرۆکایەتی میشال عۆنی سەرۆککۆمار، هەروەها رەوتی موستەقبەل، بە سەرۆکایەتی سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان.

محەمەد شەمسەدین، توێژەر لە سەنتەری 'زانیارییە نێودەوڵەتییەکان' کە چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەی گەندەڵی و قاچاخچیەتی و خۆدزینەوە لە باج، لە لوبنان بڵاوکردووەتەوە، بە ئاژانسی 'فرانس پرێس'ی راگەیاندووە: "بەندەری بەیرووت بە گەندەڵترین دامەزراوە دادەنرێت". زیاتر گوتویەتی: "هیچ چاودێرییەکی راستەقینەی حکومەتی لەسەر نییە، چ لەسەر لایەنی پارە یان خەرجییەکان".

بەندەری بەیرووت ساڵی 1894 دروستکراوە، کۆمپانیایەکی فەرەنسی بەڕێوەی دەبرد، دواتر لە ساڵی 1960دا درایە کۆمپانیایەکی تایبەت.

لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، لەگەڵ تەواوبوونی گرێبەستی کۆمپانیا تایبەتەکە، لیژنەیەکی فەرمیی کاتیی، بەڕێوەبردنی بەندەرەکەی لە ئەستۆ گرت و تائێستا بەردەوامە، شەمسەدین دەڵێ ئێستا ئەو لیژنەیە وەک "کۆمپانیایەکی تایبەت" لە بەندەرەکەدا کاردەکات.

وەک هەموو دامەزراوەیەکی دیکەی دەوڵەت لە لوبناندا، ئەندامانی لیژنەکە بەپێی نەتەوەکانی ناو لوبنان دەستنیشاندەکرێن: سەرۆکێکی سوننە، 6 ئەندام کە نوێنەرایەتی تایفە سەرەکییەکانی وڵات دەکەن، بێگومان ئەوانەی دەبنە ئەندامی ئەو لیژنەیە، لەلایەن حیزبە دیارەکانی وڵاتەوە پشتگیریدەکرێن. شەمسەدین دەڵێت "هەمان ئەو سیستمی پشک و پشککارییە تایفییەی لە دەوڵەتدا هەیە، لە بەندەرەکەشدا جێبەجێدەکرێت".

هێڵی سەربازی

حیزبوڵڵا، کە دیارترین هێزی سیاسییە لە لوبناندا، بەندەرەکە بۆ تێپەڕاندنی کاڵاکان لە بەرژەوەندیی خۆی و ئەو کەسانە بەکارهێنێت کە سەر بەون، سەرچاوەکان وایانگوتووە.

قازی شوکری، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی شوورا، بە 'فرانس پرێس'ی راگەیاندووە: "زانراوە کە هەندێک کاڵای (حیزبوڵڵا) لە رێگەی بەندەرەکە و فڕۆکەخانەوە تێدەپەڕن، جیا لە چەند دەروازەیەکی سنووری".

ئەو زیاتر دەڵێت: "لە بەندەرەکە و هاوکات لە فڕۆکەخانەش، هێڵێکی سەربازی هەیە کە لە رێگەیەوە کەلوپەل و کاڵا بەبێ پشکنین تێدەپەڕن"، روونی کردووەتەوە "ئەو هێڵە، هێڵی بەرهەڵستییە و ئەمەش لە ئەنجامی رێککەوتنی ژێراوژێری دەسەڵاتدارانە، کە نابێ کەس لێیان نزیک بکەوێتەوە".

ساڵی 2019، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، سزای بەسەر وەفیق سەفا، گەورە بەرپرسی حیزبوڵڵادا سەپاند، ئەمەش لەبەر "بەکارهێنانی بەندەر و خاڵە سنوورییەکانی لوبنان، بۆ بەقاچاخبردن و ئاسانکاری بۆ گەشتکردن بەنوێنەرایەتی حیزبوڵڵا". هۆکاری سزادانەکە ئەوکات لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە.

بڵاوکراوەی باڵیۆزخانەکە، نموونەی زیاتری لەسەر ئەو کارانە هێناوەتەوە: "حیزبوڵڵا سوودی لە سەفا وەرگرتووە بۆ ئاسانکاری تێپەڕاندنی کاڵاکان، لە نێویاندا هۆشبەر و چەکی رێگەپێنەدراو، لە رێگەی بەندەری بەیرووتەوە".

دوای تەقینەوەی بەندەرەکە، زۆر سەرچاوە باسیان لەوەکرد کە حیزبوڵڵا، چەک و کاڵای دیکەی نایاسایی لە بەندەرەکەدا کۆگا کردووە، بەڵام حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵا، پەیوەندیی حیزبەکەی بە بەندەرەکە رەتکردەوە.

ئەوانیدیکەش

کارە نایاساییەکانی ناو بەندەرەکە، تەنیا لە حیزبوڵڵادا تەسک نەبوونەتەوە. راپۆرتێکی دەزگای ئاسایشی وڵات کە بەر لە چەند مانگێک ئامادەکراوە و کۆپییەکی پێشانی 'فرانس پرێس' دراوە، لانیکەم ناوی پێنج فەرمانبەری بەشی 'دەستنیشانکردنی کاڵاکان'ی بەندەرەکەی ئاشکرا کردووە، کە 'گۆڕینیان'، قەدەخەکراوە و کەس ناتوانێ دەستکارییان بکات.

راپۆرتەکە، ئەوەی دەستنیشانکردووە کە ئەو فەرمانبەرانە سەر بە چ لایەنێکی سیاسیی لوبنانین، (رەوتی نیشتمانیی ئازاد، حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی ئەمەل بەسەرۆکایەتی نەبی بری سەرۆکی پەرلەمان، رەوتی موستەقبەل، حیزبی هێزەکانی لوبنان).

راپۆرتەکە وردی کردووەتەوە، ئەو فەرمانبەرانە و کەسانی دیکەش لە فەرمانبەرانی بەندەرەکە، چۆن بەرتیل وەردەگرن لەپێناو بەڕێکردنی مامەڵەکانی کاڵاکان لە بەندەرەکەوە.

پسپۆران دڵنیانین لەوەی کە ئاخۆ ئەو بەرتیلانە "بۆ پارتە سیاسییەکانی وڵات دەڕوات، یان تەنیا فەرمانبەرانی سەر بە پارتەکان لە بەندەرەکەدا، سوودی لێوەردەگرن".

لیژنەی کاتیی بەڕێوەبردنی بەندەرەکە لەلایەن حەسەن قریتیم، بەڕێوەدەبرێت کە سەر بە رەوتی موستەقبەلە و لە ساڵی 2002ەوە لەو پۆستەدایە، بەرلەوەی لە دوای تەقینەوەکەوە لەگەڵ 24 کەسی دیکەدا دەستگیربکرێت. لە نێویاندا بەدری زاهر، بەڕێوەبەری گومرگ کە لایەنگری رەوتی نیشتمانیی ئازادە.

ئەو دوو بەرپرسە و ئەوانیدیکەش کە دەستگیرکراون، بەهۆی کەوتنەوەی تەقینەوەی ناو بەندەرەکەوە گومانلێکراون، کە ئاگرێک بووە هۆی تەقینەوەی بڕی 2750 تۆنی کۆگاکراو لە نیتراتی ئەمۆنیۆم. نیتراتەکە ماوەی زیاتر لە 6 ساڵ بوو، بەبێ بوونی هیچ رێوشوێنێکی پاراستن، لە بەندەرەکەدا کۆگاکرابوو.

هەرچەندە چەندین بەرپرسی ناو بەندەرەکە، لە بەرپرسانی سیاسی، دادوەران و پیاوانی ئاسایش، ئاگاداری رادەی مەترسیداریی ئەو کۆگاکردنەی نیتراتەکە بوون، بەڵام هیچکامیان رێوشوێنی گونجاویان بۆ خۆپاراستن لە روودانی ئەو کارەساتە، نەگرتووەتە بەر.

خۆدزینەوە و بەقاچاخبردن

ئاژانسی 'فرانس پرێس' دەڵێ تا کاتی تەقینەوەکە، لوبنان لە زۆرینەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیدا، پشتی بەو بەندەرە دەبەست کە لە رێگەیەوە زیاتر لە 70 لەسەدی کاڵا هاوردەکراوەکان تێدەپەڕین، لە وڵاتێکدا کە بە پلەی یەکەم پشت بەهاوردەکردن دەبەستێت.

داهاتی ساڵانەی بەندەرەکە نزیکەی 220 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام نزیکەی 60 ملیۆن دۆلاری بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕایەوە. شەمسەدین ئەوەی ئاشکراکردووە و دەشڵێ دەبوو پارەکەی دیکە بۆ مووچە و کرێ و گەشەپێدانی بەندەرەکە خەرجبکرایە، "بەڵام تائێستا کەس نازانێ ئەو بڕە پارەیە، بۆ کوێ چووە؟".

هەرچی ئەوەی پەیوەندی بە گومرگەوە هەیە، بڕی ساڵانەی خۆدزینەوە لە گومرگ کە زۆرینەی لە بەندەرەکەدا بووە، لە نێوان ملیارێک تاوەکو دوو ملیار دۆلاردا بوو، لە وڵاتێکدا کورتهێنانی بودجە لە دوو ساڵی رابردوودا، گەیشتووەتە 5 تا 6 ملیار دۆلار.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، چەندینجار سکانداڵەکانی گەندەڵی ئاشکرابوون، بەڵام هەر زوو دۆسێیەکان داخران و بەبێ لێپرسینەوەی کەس، دیزەبەدەرخۆنە کران.

شەمسەدین دەڵێ "هێزە سیاسییە دیارەکان، هەژموونی خۆیان لەپێناو دامەزراندنی کەسانی لایەنگریان لە بەندەرەکە بەکاردەهێنن، یان هەوڵدەدەن ئەو بەرپرسانە لەوێ دەسەڵاتدار بن، کە چاوپۆشی لە پرۆسەکانی قاچاخچیەتی و خۆدزینەوە لە گومرگی ئەو بزنسمانانە دەکەن کە ئەم حیزب یان ئەو حیزب پشتگیرییان دەکات، یاخود کاریگەریی دروستکردن لەسەر گرێبەستی زۆر لەو کۆمپانیایانەی لەگەڵ بەندەرەکەدا کاردەکەن". ئەو زیاتر گوتویەتی "پابەندبوون بەو شێوە کارە، بەرەزامەندی بووە و هەمووان سوودمەندبوون".

لە رێگەی رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە

بەپێی قسەی ئەوانەی بۆ 'فرانس پرێس' دواون، پرۆسەکانی قاچاخچیەتی و خۆدزینەوە لە گومرگ، بەچەندین رێگەی جیاواز ئەنجامدراون. شەمسەدین ئاشکرایکردووە کە پرۆسەکانی بەقاچاخبردن، زۆرینەی کات "لە رێگەی رێکخراوە خێرخوازییە وەهمییەکانەوە ئەنجامدەدرێن، کە رەزامەندی حکومەتیان بەدەستهێناوە بەلێخۆشبوون لە باجی گومرگ، لە کاتێکدا هەمووان دەزانن راستیی کارەکە بەو شێوەیە نییە".

راپۆرتی دەزگا تایبەتەکەی ئاسایشی وڵات روونی کردووەتەوە، کە فەرمانبەرانی بەندەرەکە لە بچووکیانەوە تاوەکو گەورەیان، هەروەها ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکان کە لەوێ کاردەکەن، بەرتیل وەردەگرن و بڕەکەی بەپێی خێرا بەڕێکردنی کاڵاکان و بڕی کەمکراوەی گومرگی سەر کاڵاکان دەگۆڕێت، یاخود ئەگەر کارێک بکەن، هیچ گومرگێکی نەخرێتە سەر.

بۆ نموونە، وەک راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، سەرۆکی هەر تیمێکی سەرپەرشتیاری دەروازەی سەرەکی بەندەرەکە، بۆ ئاسانکاری چوونە دەرەوەی هەر ئۆتۆمبێلێکی بەکارهاتوو، بڕی 200 هەزار لیرەی لوبنانی وەردەگرێت.

ئەمە جیا لەوەی فەرمانبەرانی دیکەی گومرگ پشکی خۆیان وەردەگرن لەسەر هەمان ئۆتۆمبێل و ئەرکی ئەوان، کەمکردنەوەی بەهای راستەقینەی ئۆتۆمبێلەکەیە لە کاتی هەڵسەنگاندنیدا، بەوەش تێچووی گومرگەکەی کەمدەکرێتەوە.

کاڵا مەترسیدارەکان

وەک ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، بەندەرەکە تەنیا لە بەرامبەر کاڵا ئاسایی و رۆژانەییەکان، سەرپێچی و خۆدزینەوە و بەرتیلخواردنی تێدا بەکارنەبراوە، بەڵکو مەترسیدارترین چالاکیی ناو بەندەرەکە، کەرەستە و کاڵا قەدەخەکانی وەک چەک و هۆشبەر بووە. راپۆرتەکە گوتویەتی هەندێکجار ئەو جۆرە قەدەخەکراوانە، لە نێو ئۆتۆمبێلە بەکارهاتووەکاندا، تێپەڕێنراون".

سەیرەکە لەوەدایە کە تاکە ئامێری سکانەری کاڵاکان، لە بەندەرەکەدا ئیش ناکات. سەرچاوەیەک لە گومرگ کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، بە 'فرانس پرێس'ی راگەیاندووە کە تاکە سکانەری ناو بەندەرەکە لە نیسانی 2019ەوە لەکار کەوتووە، ئەمەش بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە. ئاماژەی بەوەداوە کە "سکانەرەکە زۆر کۆنە و تێچووی نوێکردنەوەی و گۆڕینی پارچە پەککەوتووەکانی، لە نرخی سکانەرەکە زیاتری تێدەچێت".

کارگێڕیی بەندەرەکە، سکانەرەکەی چاکنەکردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەت لەبارەی لە ئەستۆگرتنی تێچووی چاککردنەوەکە.

کارنەکردنی 'سکانەر'ەکە، مانای ئەوەیە کە پرۆسەکانی پشکنین تەنیا بەدەست ئەنجامدەدرێت، ئەوەش سەرپێچییەکان ئاسان دەکات.

هەرچی پرۆسەکانی وەک باجدان و دەرکردنی کاڵاکانە، تا ئێستا لەسەر کاخەز و بەدەست ئەنجامدەدرێت.

بینیامین فڕانکلین

رۆژنامەڤانی بنکۆڵکار، ریاز قەبەیسی، کە ماوەی چەندین ساڵە بایەخ بە دۆسێیەکانی گەندەڵی دەدات لە بەندەری بەیرووت، بە 'فرانس پرێس'ی راگەیاندووە کە "دەستەی گومرگ، گەورەترین گەندەڵن، گەورەترین کارەکانیشیان لە بەندەرەکەدا دەکەن". ئەو زیاتر روونیکردووەتەوە کە "هەموو ئەوەی بەلایانەوە گرنگە، ئەوەیە کە رووخساری بینیامین فرانکلین ببینن"، مەبەستی وێنەی بنیامین فرانکلینە لەسەر دراوی دۆلاری ئەمریکی.

قەبەیسی زیاتر گوتویەتی "پرۆسەکانی فرۆشتنی کاڵا پشتگوێخراوەکان لە زیارکردنە ئاشکراکاندا وەهمین و قازانجی لابەلای لێدەکرێت".

لە بەندەرەکەدا، چەندین جۆر کاڵای جیاواز بەجێدەهێڵدرێن، کە خاوەکانی بەهەر هۆکارێک بێت وازیان لێهێناون، لەوانەیە هەندێکجار بەهۆی ئەوەوە بێت کە پارەی گومرگی کاڵاکانیان پێنادرێت.

زۆر کەس گومانیان لە لێکۆڵینەوەکانی دەوڵەتی لوبنان هەیە لەسەر تەقینەوەکانی بەندەرەکە، لەوەی بگاتە راستی هۆکاری تەقینەوەکە، ئەمەش لەبەرئەوەی دامودەزگاکانی لوبنان، متمانەی خەڵکیان لەدەستداوە. هەر ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی زۆر کەس داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە رووداوەکە بکات.

ریاز بە 'فرانس پرێس'ی راگەیاندووە کە "نەک تەنیا لەبەندەرەکە، بەڵکو گەندەڵی لە هەموو لوبناندا بڵاوە و پێویست بەبەڵگە ناکات". زیاتر دەڵێ "دادوەر هەر کەسێک بێت و هەرچەندە باش بێت، چۆن دەتوانین باوەڕ بە لێکۆڵینەوەیەک بکەین کە پشت بەدەزگا ئاسایشییەکان و ئەوانە دەبەستێت، کە کۆنترۆڵیان کردووە، مەبەستم لایەنە سیاسییەکانە".

ئاگرەکان، دەستێکی دیکەی لەباربردنی بەڵگەکان نین؟

لە راستیدا بەتەنیا ئەو رووداوانەی بەر لە تەقینەوەی بەندەرەکە نین، کە گومان لە ئاستی کار و خراپییەکانی ناو ئەو دامەزراوە ئابوورییە گرنگەی لوبنان دەکەن، بەڵکو دوای تەقینەوەکەش چەندین رووداو، گومانی گەورەیان لەسەر ئاراستەی لێکۆڵینەوەکان و گەیشتنی بەڕاستییەکان دروستکرد.

هەفتەکانی رابردوو، دوو ئاگری جیاواز لە قەبارەدا، لەنێو داروپەردووی وێرانەکەی بەندەری بەیرووتدا کەوتنەوە، ئەو ئاگرانەش بۆخۆیان بوونە بەشێکی دیکە، لە درامای تەمومژاوی دۆسێی تەقینەوە گەورەکە. ئەو هۆکارانەی وایانکردووە زیاد لە گومانێک لەسەر رووداوەکان دروست ببێت، پێشتر هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی ئاشکرایانکردبوو.

پاشنیوەڕۆی رۆژی 10ی ئەم مانگە، ئاگرێکی گەورە لە بەندەری بەیرووت کەوتەوە، کە 20 کاژێری تەواوی پێویست بوو، تا کۆنترۆڵکرا. ئەوە دووەمجاربوو لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، ئاگر لەو شوێنە دەکەوتەوە کە بە 'شوێنی تاوان' دادەنرێت و لێکۆڵینەوە تێیدا بەردەوامە.

رێکارە یاساییەکانی هەر رووداوێک، پێویستی بە دابڕین و کۆنترۆڵکردن و چاودێریی ورد لە شوێنی رووداوەکانە، چونکە ئەو شوێنەی لێکۆڵینەوەی رووداوێکی تێدا دەکرێت، پێویستە کەس نەچێتە ناوی، تاوەکو بەڵگەکانی رووداوەکە ئاشکرا دەبن. بەڵام ئەوەی لە بەندەری بەیرووت روودەدا، هیچ بنەمایەکی لێکۆڵینەوەی پیشەگەرانەی تێدا نییە، لە کاتێکدا سەرەتای مانگی رابردوو، بەندەرەکە تەقینەوەیەکی یەکجار گەورەی بەخۆوە بینی.

ئاگرەکان جارێکی دیکە گومان و پرسیاری زۆریان لەسەر دۆخی لێکۆڵینەوەکان، لە تەقینەوە گەورەکەی بەندەرەکە خستە روو، بەتایبەت کە چەندین لایەنی نێودەوڵەتی گلەییان لە 'سست' بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان هەیە، کە حکومەتی لوبنان سەرپەرشتیدەکات و رازی نییە بکرێتە لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی.

ئەوەی گومانی لەسەر لێکۆڵینەوەکان زیاتر کردووە، پەیوەندی بە دوولایەنی گەورەی لێکۆڵینەوەکانەوە هەیە، لایەنێکیان ئاگرەکانی ناو بەندەرەکەیە کە روویانداوە و پێدەچێت مەبەست لێیان شاردنەوە و سەرنگومکردنی بەڵگەکان بن، لایەنێکی دیکەش سستی و خاویی ئاستی لێکۆڵینەوەکان و ئەنجامەکانە. چونکە نزیکەی 45 رۆژە تەقینەوە گەورەکە روویداوە و لیژنەی لێکۆڵینەوە، جیا لە دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێک، شتێکی دیکەی لەبارەی بەڵگەکان و ئەنجامەکانەوە رانەگەیاندووە.

گواستنەوەی چەکی قاچاخ

ئاژانسی 'فرانس پرێس' تاکە دەزگای میدیایی نییە، گومانی زۆری لەسەر ئاراستەی لێکۆڵینەوەکان و مێژووی گەندەڵی لە بەندەرەکەدا خستووەتە روو. پێشتر رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ی ئەمریکی لە راپۆرتێکی ورددا، ئاشکرایکردبوو "هەر جوڵەیەک لە بەندەری بەیرووت، پێویستی بەسەرانەدان هەیە، بنەمای کارکردنیش خۆدزینەوەیە لە یاسا، ئەمەش وایکردووە بەندەرەکە ببێتە دەروازەی کاڵا قاچاخەکان بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە بووەتە هۆکاری تێپەڕینی چەک و هۆشبەر بەبێ رێگری".

رۆژنامەکە ئاشکرایکردبوو دووانەی شیعی "حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل" بەشێوەیەکی نیمچە کامڵ، دەستیان بەسەر ئەو دەروازەیەدا گرتووە. دووپاتیکردووەتەوە کە "حیزبوڵڵا توانایەکی بێوێنەی لە گواستنەوەی کاڵاکان بەبێ پشکنین هەیە، ئەمەش بەهۆی تۆڕێکی رێکخراوی سەر بە حیزبەکەوە". رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسە ئەمریکییەکانی گواستەوە: "حیزبوڵڵا بەتەنیا بەندەرەکە بۆ بەقاچاخبردنی چەک بەکارناهێنێت، بەڵکو فڕۆکەخانەی بەیرووتیشی هەیە".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدابوو کە "بەندەرەکە ساڵانە کۆی 1،2 ملیۆن کۆنتینەر هاتووچۆی پێدا دەکات، بەڵام سکانەری سەرەکی پشکنینی بارەکان لەبەندەرەکە کارناکات و چەندین ساڵە، بەئینتەرنێتەوە نەبەستراوەتەوە". ئەفسەرێکی گومرگ، بۆ رۆژنامەکەی روونکردبووەوە "ئەفسەرانی گومرگ بەدەست کۆنتینەرەکان دەپشکنن، بەشێوەیەکی رۆتینی بەرتیل وەردەگرن، بۆ واژۆکردن لەسەر ئەو کەرەستانەی نەپشکنراون یان گومانلێکراون".

تاوانی بکەر نادیار

لەلایەکی دیکەوە، عەلی ئەمین، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، قسەی بۆ کەناڵی 'حورە' کردبوو و دەڵێت: "ئەوەی لە دوای تەقینەوەکە روویدا و بەپێی زانیارییەکانی من، چەند ئەندامێکی حیزبوڵڵا چوونەتە ناو بەندەرەکەوە و دواتر نەبینراونەتەوە، چ بەناوی دەستەی تەندروستی یان هەر ناوێکی دیکەوە'".

ئاماژەی بەوەداوە کە "ئەو کەسانە یەکەم کەسبوون دوای تەقینەوەکە چوونەتە شوێنی تەقینەوەکە، تەنانەت بەر لە سەربازەکانی سوپای لوبنانیش، ئەوەش پرسیاری زۆری دروستکردووە لەسەر ئەگەری شاردنەوەی هەندێک بابەتی کۆگاکراو یان هەر شتێکی دیکەی جێگەی گومان".

ئەو گووتوویەتی: "زانیارییەکان دەریدەخەن کە لێکۆڵینەوەکان کورتکراونەتەوە لەسەر لایەنە گومرگی و ئاسایشییەکان، لە کاتێکدا راپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش باسی ئەوە دەکەن کە بەندەری بەیرووت، بۆ گواستنەوەی چەکی حیزبوڵڵا بەکارهێنراوە، بەڵام تەقینەوەیەکی ئاوها گەورە، وردەکارییەکانی ئەو زانیارییانەیان دەرنەخست و تەنانەت باسیشی ناکات".

لەبارەی رۆڵی حیزبوڵڵا لە خاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان، ئەمین رایگەیاندووە: "جۆرێک لە سستکردن هەیە و پێشتر حەقەکەی دراوە، لەپێناو پەردەپۆشکردنی ئەوەی لە بەندەری بەیرووتدا روویداوە". سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە "تاوەکو ئەم ساتەش هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەگەڵ هیچ ئەندامێکی حیزبوڵڵادا نەکراوە، زۆرینەی لوبنانییەکان پێیانوایە ئەوەی کە روویدا، وەک زۆر رووداوی دیکەی ئاسایش لە وڵاتەکەدا، تێدەپەڕێنرێت".
k24 -
Top