پسپۆڕێکی ئابووری: كارێكی زۆر گرنگە كە كابینەی نۆیەم گرنگییەكی تایبەت بە ڕێگاوبانەكان دەدات

پسپۆڕێکی ئابووری: كارێكی زۆر گرنگە كە كابینەی نۆیەم گرنگییەكی تایبەت بە ڕێگاوبانەكان دەدات
پسپۆڕێکی ئابووری باس لە گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پرۆژەکانی رێگاوبان دەکات و رای دەگەیەنێت، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی نیازپاکیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

نەبەرد کەریم، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ئابووری و ژمێریاری ڕايگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەكی بە پڕۆژەی جۆراوجۆر دەدات،بەتایبەتی پڕۆژەكانی ڕێگەوبان، بۆ نموونە پڕۆژەی شەقامی سەد مەتریی سلێمانی، ھەروەھا وێستگەی دروستکردنی پڕۆژەی کارەبا لە شاری ھەولێر و چەندین پرۆژەی تر.

نەبەرد کەریم هەورەها رای گەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ماوەی ساڵێکە دامەزراوە، زۆر گرنگیی بە سێکتەری رێگاوبان دەدات، بە جۆرێک جوڵەیەکی زۆر باش ھەیە بۆ پڕۆژەی ڕێگاوبان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم كابینەیە كە دەستبەكار بووە، حكوومەت لەژێر قەرزێكی زۆردا بووە: ”ئەو قەرزانە ئەرکی ئەم کابینەیەی قورس کردووە، بەڵام ئەگەر دۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان ئاسایی بێتەوە، ئەم کابینەیە ئیشی زۆر باش دەکات، ھەروەھا ئەگەر تەواوی لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن، ئەوکات گوزەرانی خەڵكیش باشتر دەبێت و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر جێبەجێ دەکرێت“.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، نەبەرد کەریم رای گەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیازپاکیی خۆی بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق سەلماندووە و ئامادەیی خۆی بۆ رێککەوتن لەسەر پرسە ئابوورییەکان نیشان داوە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێیوایە ناردنی بڕی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی دانوستانی سەركەوتووی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

نەبەرد كەریم جەختی لەوە کردەوە، کە چەند بەخێرایی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا واژۆ بکرێ، ئەوەندە كێرڤی بەهێزبوونی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە و باڵانسی ژیانی هاووڵاتییانیش باشتر دەبێت.











باسنيوز


Top