نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە قوباد تاڵەبانی دەکات

نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە قوباد تاڵەبانی دەکات
جێگرى سه‌رۆكوه‌زيرانی هەرێمی کوردستان سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و ‌لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا پوختەیەکی پێشکێش دەکات. هەروەها باسی دۆخی سیاسی و ئابووری و هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

پاشنيوه‌ڕۆى رۆژی چوارشەممە 16-9-2020 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان كرد.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوه‌کەدا كه‌ مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، قوباد تاڵەبانی جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى دوایين بەرەوپێشچوونەکانی گفتوگۆى هەولێر ـ بەغدا پێشكێشكرد.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوەتەوە كه‌ هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بەوەی هەموو ‌کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات.

بەپێی راگەیێندراوەکە دۆخی سیاسی و ئابووری و هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووە كه‌ تێیدا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران جەختیان لەسەر پێویستیی هەماهەنگيی زیاتری نێوان لایە‌نە‌كان و ته‌بايى بۆ تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان كرده‌وه‌.


rudaw
Top