لە سلێمانی ھێرش کرایە سەر خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند و چەند خاوەن پشکێک بریندار بوون
لەمبارەیەوە پەیامنێری (باسنیوز) ڕایگەیاند، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە ھێرشی توند کرایە سەر خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند و چەند خاوەن پشکێک بریندار بوون.
دلێر محەمەد، یەکێک لە خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند ڕایگەیاند: "ئەو کەسانەی ھێرشیان کردوەتە سەر خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند، بەشێکی پاسەوانی گوندی ئەڵمانی بوون کە خودی شاسوار عەبدولواحید لەو گوندەدا دەژی و ئۆفیسی بارەگاکەشی لەوێیە".
ئەوەشی خستەڕوو، چەند کەسێکی دیکە کە پەلاماری خاوەن پشکەکانیان داوە پاسەوانی بەرپرسێکی ئەمنی یەکێتین کە ماڵەکەی لەنێو گوندی ئەڵمانی دایە و دراوسێی شاسوار عەدولواحیدە، بەڵام ئێستا ئەو کەسانەی ھێرشەکەیان ئەنجامداوە ھەڵاتوون.
لەئێستادا ھێزەکانی پۆلیس ھاتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە گومان دەکرێت، دەستیان ھەبووبیت لە ھێرشکردنە سەر خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند.
باسنیوز
