رێژەی مردن بە کۆرۆنا لە جیهان 700 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت

رێژەی مردن بە کۆرۆنا لە جیهان 700 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت

رێژەی مردن بە کۆرۆنا لە جیهان لە 700 هەزار کەسی تێپەڕاند و هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، بەرازیل، هیندستان و مەکسیک لە ریزی پێشەوەی وڵاتانی جیهان ئەژمار دەکرێن.

لە هەر 24 کاژێرێکدا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە نزیکەی 5900 کەس دەمرن، کە ئەمەش دەکاتە مردنی 247 کەس بۆ هەر کاژێرێک یان مردنی کەسێک بۆ هەر 15 چرکەیەک. بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا 18 ملیۆن و 821 هەزار کەسە و 706 هەزار و 769 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەژێر کۆنترۆڵدایە. لەکاتێکدا زیاتر لە 155،000 کەس بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە.

دۆناڵد ترەمپ لەوبارەوە دەڵێت: "خەڵک دەمرن ، ئەوە راستە ، ئەوە هەر ئەوەیە کە روودەدات. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمە ئەوەی لەدەستمان هاتووە نەمانکردووە. بارودۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە ئەوەندەی کە بتوانین کۆنترۆڵی بکەین. ئەمە پەتایەکی مەترسیدارە".

لە وڵاتی بەرازیلیش، جەیر بۆڵسۆنارۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە، لە بایەخی نەخۆشییەکەی کەمکردەوە و پێچەوانەی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ وەستایەوە، تەنانەت کاتێک خۆی و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرەکانی کابینەکەی پشکنینەکانیان بۆ ڤایرۆسەکە ئەرێنی دەرچوون.

وڵاتەکانی، ژاپۆن، ئۆسترالیا، هۆن کۆنگ، بۆلیڤیا، سودان، ئیسۆپیا، بولگاریا، بەلجیکا، ئۆزبەکستان و ئیسرائیل لە ماوەی رابردوودا ، زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنایان راگەیاندووە.





rudaw
Top