دەستێكی شاراوە سامانی ماسی لە عێراق ژەهراوی دەكات

دەستێكی شاراوە سامانی ماسی لە عێراق ژەهراوی دەكات
بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەك، بە سەدان تەن سامانی ماسی لە عێراق له‌ناو ده‌چێت. به‌ گوێره‌ی لێدوان و به‌دواداچوونه‌كان، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ ده‌ستێكی شاراوه‌، له‌ پشت ژه‌هراویكردنی ئاوی رووباره‌كان بێت، كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ملیۆنان ماسی له‌ناو ده‌چن.
دوای لەناوچوونی ملیۆنان ماسی و سه‌رئاوكه‌وتنیان لە لێواری یەكێك لە هۆراوەكان، لیژنەی هاوبەشی وەزارەته‌كانی كشتوكاڵ و ته‌ندرووستی و ژینگە سەردانی هۆراوی دەلمەجی لە نێوان پارێزگاكانی واست و دیوانییە لە ناوەڕاستی عێراق كرد، بۆ ئەوەی سامپڵی ماسییە لەناوچووەكان وەربگرن و دوای ئەنجامدانی پشكنین هۆكاری لەناوچوونیان بزانن.
لەیس عوبەیدی، توێژەی بواری ژینگە و پسپۆڕی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان رایگەیاند، لەناوچوونی ئەو ژمارە زۆرەی ماسی لە هۆراوی دەلمەج لە 2ی ئەم مانگەوە، بەهۆی ژەهراویكردنی رێڕەوی باكووری هۆراوەكەوەیە.
گوتیشی: لەناوچوونی ماسییەكان بەردەوامە. تا ئێستا بە دەیان تەن لەناوچوون، بەڵام ئەمڕۆ رێژەی لەناوچوونیان كەمترە، بەراورد لەگەڵ دوو رۆژی رابردوو.
هه‌روه‌ها گوتی: بەگوێرەی گرێبەستێكی واژووكراو، راوكردنی ماسی و باڵندە لەو هۆراوە بە كەسایەتییەكی ناوچەكە سپێردراوە، بۆیە ژمارەیەك ماسیگر و كەسانی دیكە كە لەوانەیە دژایەتییان لەگەڵ خاوەن گرێبەستەكە هەبێت، هۆراوەكەیان ژەهراوی كردووە.
روونیكرده‌وه‌، ئەو شوێنەی ژەهرەكە لێیەوە هەڵدراوەتە ناو ئاوەكە، بیابانە و لە كۆنترۆڵی ئەمنیدا نییە. هیچ خاڵێكی هێزە ئەمنییەكان و پۆلیس لەو ناوچەیە نین، بۆیە ساڵی رابردووش رووبەڕووی هەمان كارەسات بووەوە.
ئاشكراشیكرد، ئاوەكە بە درێژایی نزیكەی 50 كیلۆمەتر ژەهراوی كراوە








k24
Top