لە خورماتوو حەشدی شەعبی گوندێكی كوردانی كردووەتە سەربازگە

لە خورماتوو حەشدی شەعبی گوندێكی كوردانی كردووەتە سەربازگە
لە سنووری قەزای خورماتوو، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی گوندێكی كوردنشینیان كردووەتە سەربازگە و بە زۆر دانیشتوانی گوندەكەیان دەركردووە.

هاوكار مەجید، هاووڵاتییەكی خەڵكی گوندی (خدروەلی)ی كوردنشینی سەر بە قەزای خورماتووە، ڕایگەیاند: "هێزێكی سەر بە میلیشیا چەكدارەكان لە سنووری خورماتوو گوندەكەمانیان داگیر كردووە".

گوتیشی: "چەند ماڵێكی كەم مابوونەوە لە گوندەكە، پاشان هێزەكە بە زۆر ئەو ماڵانەشیان دەركرد و ئێستا ئەوان خانووی هاووڵاتیانیان داگیر كردووە و تەنانەت دەوروبەری گوندەكەشیان گرتووە و تەنیا یەك دەرگایان كردووەتەوە بۆ چونە ژوورەوە و چووونە دەرەوە، ئێمە چەند جارێك هەوڵمان داوە ئەو هێزە گوندەكە چۆڵ بكەن، بەڵام بێسوود بووە".

لەمبارەوە، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی، ڕایگەیاند: "گوندی (خدروەلی) یەكێكە لە گوندە كوردنشینەكانی سەر بە خورماتوو، بەداخەوە لەلایەن هێزێكی سەربازییەوە دانیشتوانی گوندەكە دەركراون و ئێستا گوندەكە كراوەتە سەربازگە".

ئەو بەرپرسە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "هەوڵێكی چڕی داگیركردنی گوندەكانی سنووری خورماتوو لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە هەیە و ئەگەر رێگەی لێ نەگیرێ، ئەوا رۆژێك دێ تەواوی گوندە كوردنشینەكانی ناوچەكە داگیر دەكەن".

گوندی (خدروەلی) کە خورماتوویەكان بە "خروەلی" ناوی دەهێنن، گوندێكی كوردنشینە و میلیشیاكان كردوویانەتە سەربازگە و ناهێڵن خەڵكەكەی تێیدا بژین، بە دووریی 10 كیلۆمەتر لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری خورماتوو هەڵکەوتووە.











باسنیوز


Top