بەهۆی نەبوونییەوە پیاوێک ئامادەیە دەستبەرداری دوو منداڵەکەی ببێت
هیوا سدیق، هاونیشتمانییەکی هەولێرە، دوو ساڵە هاوژینی لە ژیاندا نەماوە و چوار ساڵە باوکایەتی و دایکایەتی بۆ دوو منداڵە 9 ساڵ و 7 ساڵانەکەی دەکات.
وەکو خۆی دەڵێت، هاوژینەکەی بەهۆی نەبوونییەوە لێی جیابووەتەوە و دەشڵێت "ژیانم زۆر زەحمەت بوو، کرێکاریم دەکرد، توانای ئەوەم نەبوو ژیانم بۆ ماڵ و منداڵم باشبکەم، ئیش و کارم پێنەدەکرا".
هیوا، کوڕە بچووکەکەی ئیفلیجیی مێشکی هەیە و پێویستی بە چاودێریی بەردەوامە؛ دایک و باوکی بەساڵاچوون و توانای چاودێریکردنی نەوەکانیان نییە، خوشک و براکانیشی بەهۆی کەمدەرامەتییەوە ناتوانن هاوکاریی بکەن.
هیوا لە بەخێوکردنی منداڵەکانی بێهیوا بووە و داوا لە حکومەت دەکات کە لانیکەم بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەریانبگرن هەتا ماڵێکی باش دروستدەکات و دواتر وەریاندەگرێتەوە، دەشڵێت "ئەگەر رۆژێک ئەو منداڵانە شتێکیان لێبێت، حکومەت دێت من دەستگیردەکات، پێش ئەوەی شتێکیان لێبێت با وەریانبگرن، خۆ منداڵی خۆم فڕێنادەم".
ئێستا هیوا و منداڵەکانی لە کەمپی بەحرکەی نزیک هەولێر لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە خانوویەکی بچووکیان پێدراوە.
ئەم باوکە و دوو منداڵەکەی چاوەڕوانی کردنەوەی دەرگایەکی نوێن بەڕووی ژیانیاندا، بۆئەوەی هەر هیچ نەبێت هەنگاو بەرەو ژیانێک بنێن کە وەکو مرۆڤێکی ئاسایی بژین
Rudaw
