ڕاگه‌یاندراوێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌

ڕاگه‌یاندراوێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تیی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌
له‌باره‌ى ڕێکارە تەندروستییەکان و پشکنینی په‌تاى کۆرۆنا و ئەو گەشتیارانەی لە دەروازەی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیلەوە ھاتن و چوون دەکەن، گوته‌بێژى كۆمەڵگه‌ى دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل ڕاگه‌یاندراوێكى بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە.

کامی کەمال، گوتەبێژی کۆمەڵگه‌ی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل، ، ڕاگه‌یاندراوێكى لەبارەی ڕێكارە تەندروستییەكان لەكاتی هاتوچۆی گەشتیاران لە خاڵی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووه‌: "سەبارەت بە ڕێکارە تەندروستییەکان و پشکنینی کۆرۆنا لەگەڵ ئەو گەشتیارانەی لە دەروازەی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیلەوە ھاتن و چوون دەکەن، ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە ئێمە بەپێی ڕێنوێنی و بریارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار دەکەین و بابەتی کەرەنتین و ستافی پزیشکی لەسەر سنوور و دیارکردنی نرخی پشکنینی کۆرۆنا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دیاری كراوه‌ و سەرپەرشتی دەکرێن".

باس له‌وه‌ش كراوه‌: "بەپێی دوا بریاری وەزارەتی تەندروستی ژمارە 109، كه‌ لە ڕۆژى 30/7/2020 ده‌ركراوه‌، بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ پشکنینی کۆرۆنا لە ھەر گەشتیارێک وەردەگیرێت، لە 100 هه‌زار دینارەوە بۆ 60 ھەزار دینار کەم کراوەتەوە".

هه‌ر له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: "له‌باره‌ى ھاتنی شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری تورکیا ئێمە چاوەڕێی ئامادەبوونی میکانزمی پێویستین کە لەلایەن تەندروستیی دھۆکەوە بۆ پشکنینی ئەو شوفێرانە ئامادە دەکرێن، بەم نزیکانەش ئامادەکارییه‌كان تەواو دەبن و دەتوانن لەدوایی جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندرستییەکان وەکوو پێشتر بێنە نێو ھەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە، بۆ پشکنینی ھەر شۆفێرێکی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بڕی 30 ھەزار دینار وەردەگیرێت".






باسنیوز
Top