ژنە رزگاربوویەکی دەستی داعش: پێیان دەگوتین "ئێزدی کافرن و دەبێت نەمێنن"
کۆچەر رزگاربووی دەستی داعشە و باس لەوە دەکات، پێنج مانگ لەژێر زەوی لە زیندانەکانی داعش بوونە، منداڵەکانیان هەموو لێ سەندوونە. "بە ئێمەیان دەگوت، ئێزدی کافرن و دەبێت نەمێنن".
نزیکەی 300 ژنی کوردی ئێزدیی دانعەمەر لە دەستی داعش رزگاربوون، بەشێک لەوان، هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەیی ژیانێکی زەحمەت و قورس بەسەردەبەن و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵی خۆیان.
رۆژی 3ـی ئابی 2014 وهك رۆژی كۆمهڵكوژیى کوردانی ئێزدی لەلایەن پەرلەمانەوە دیاریکراوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "بۆ ئەوەیە لەڕووی یاساییەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و قوربانییەکانی".
خوناف عیدۆ رزگاربوویەکی دیکەی دەستی داعشە و دەڵێت، هەموومانیان کردە ئۆتۆمبێلەوە و بردیانین بۆ تەلەعفەر، 25 رۆژ لە تەلەعفەر ماینەوە. "ماڵی هەموومانیان وێرانکرد و کچەکانیان بردین، بوکەکانیان بردین و منداڵەکانیشیان بردین. ئێمە چی بکەین و دەسەڵاتمان نەبوو".
بێزا مەندۆ رزگاربوویەکی دیکەیە، باسی ئەو رۆژە دەکات داعش چووەتە شنگال، دەڵێت، "جلەکانمان دەشۆرد، گوتیان داعش هات، دوو ئۆتۆمبێل هاتن و هەموویان بردین".
خێزانێکی دیکە کە هەموو ئەندامەکانیان کەوتبوونە دەستی داعش، تاوەکو ئێستاش 11 کەسیان رزگارکراون و پێنج کەسیان بێسەروشوێنن دەڵێن، "چارەنووسی پێنج منداڵمان دیار نیین، شەش ساڵ تێپەڕدەبێت و هێشتا چاو لەڕێی ئەو منداڵانەین بگەڕێنەوە".
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە 2014/08/03وە تاوەکو 2020/07/29 لە کۆی شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێنراو لەلایەن داعشەوە، سێ هەزار و 530 کەسیان رزگارکراون و دوو هەزار و 887 ئێزدی لە دەستی داعش ماون یان هیچ شتێک لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانرێت".
رووداو
