نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر تایبەتدەکرێت بە کۆرۆنا؛ نەخۆشی دیکە وەرناگرێت
د. کاروان یاسین، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر راگەیاند ئەمرۆ نەخۆشخانەکەیان تایبەتکراوە بە چارەسەری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەمڕۆوە هیچ نەخۆشێكی دیکە وەرناگرن.
د. کاروان یاسین روونیدەکاتەوە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر، لەمڕۆوە نەخۆشخانەکەیان حاڵەتەکانی فریاکەوتن، سووتان، نەشتەرگەریی و حاڵەتەکانی مێشك و دەمار و نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان وەرناگرێت، ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتانەیان هەیە دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی لەسەر شەقامی 60 مەتری و نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات لەسەر شەقامی 100 مەتری بکەن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لەمەودوا سەردانیان نەکەن، چونکە ناتوانن کار و چارەسەرە پێویستەکانیان بۆ بکەن و لەمەودوا تەنیا تایبەت دەبن بۆ چارەسەری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لە هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا 14 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 هەزار تووشبوو چاکبوونەتەوە.
رووداو
