دوو خوشک لە قامشلۆ سەرکەوتنی گەورە لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆری بەدەستدەهێنن

دوو خوشک لە قامشلۆ سەرکەوتنی گەورە لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆری بەدەستدەهێنن
لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان 46 خوێندکار لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆریی ئەمساڵدا نمرەی بەرزیان هێناوە، بەو جۆرەش قامشلۆ لەسەر ئاستی سووریا یەکەمە. دووان لەو قوتابیانە بە ناوەکانی دیلان محەممەد و شیلان محەممەد، کە دووانەن نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە؛ دیلان لە 240 توانیویەتی 236 و شیلانیش 234 بەدەستبهێنن.

دیلان گوتی، بۆئەوەی ئەو نمرەیە بەدەستبهێنن زۆر هەوڵیانداوە و ئەو رێنماییانەیان جێبەجێ کردووە کە لەلایەن مامۆستاکانیانەوە پێیان دەدرا، لە هەمانکاتیشدا ژینگەی خوێندنیان لەباربووە و کەسوکاریان هاوکاریان بوون.

دیلان باسی لەو کاتە کرد کە بۆ خوێندن تەرخانیان کردووە و رایگەیاند، رۆژی وا هەبووە هەشت کاژێر و رۆژی واش هەبووە 13 تاوەکو 14 کاژێر وانەکانیان خوێندووە.

بە گوتەی دیلان، ئەوان بەگشتی یاریی ئەلیکترۆنی ناکەن و لەکاتی خوێندنیشدا خۆیان لەو جۆرە یاریانە و هەموو شتێکی دیکە بەدوورگرتووە کە دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی کات. ئاماژەی بەوەش کرد، مۆبایلیان تەنیا بۆ سەیرکردنی ڤیدیۆی فێرکاری لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە و بۆ پەیوەندیکردن بە مامۆستاکانیانەوە بەکارهێناوە، بۆئەوەی ئاگاداری وانەکانیان بن، چونکە بەهۆی رێکارە خۆپارێزییەکان نەیانتوانیوە بڕۆنە قوتابخانە.

هەروەها شیلانیش گوتی، خۆی و دیلانی خوشکی دەیانەوێت لە بەشێکی پزیشکی لە زانکۆی دیمەشق درێژە بە خوێندنیان بدەن، چونکە ئاواتیان ئەوەیە ببنە پزیشک.

گەورەترین پاڵنەری ئەو دوو خوشکە کوردەی قامشلۆ بۆ بەدەستهێنانی ئەو نمرە بەرزانە، بە گوتەی خۆیان، ئەوە بووە کە نەهێڵن هەوڵ و ماندووبوونی خێزانەکانیان بەفیڕۆبچێت.












رووداو
Top