جەژنی قوربان لە هەرێمی کوردستان.. پێشبینی دەکرێت 30 هەزار ئاژەڵ بکرێنە قوربانی

جەژنی قوربان لە هەرێمی کوردستان.. پێشبینی دەکرێت 30 هەزار ئاژەڵ بکرێنە قوربانی
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، لە پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 500 هەزار گۆلك و بەرخی زیندوو هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون، بەو هۆیەشەوە ئاژەڵدارانی هەرێمی كوردستان و خاوەن پرۆژەكانی قەڵەوكردنی گۆلك و بەرخیش رووبەڕووی زیانی گەورەبوونەتەوە. بەشێكیشیان لە كار وەستاون.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، لە پێنج ساڵی رابردوودا 529 هەزار و 932 ئاژەڵی زیندوو (519,775 گۆڵك و 10,157 بەرخ) بە مۆڵەتی فەرمی لە وڵاتانی جۆرجیا، رۆمانیا، ئەرمینیا، ئۆكراینا، مۆڵداڤیا ، پاراگوای، بەرازیل و چەند وڵاتێكی دیكە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون.

بەهۆی زۆری خواست لەسەر خواردنی گۆشتی سوور لە هەرێمی كوردستان، ساڵ بە ساڵ بازرگانیی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو زیاتر دەبێت بە جۆرێك هاوردەكردنی گۆڵك لە ساڵی رابردوودا بەراورد بە ساڵی 2015 بە رێژەی 72% زیادیكردووە.

بەپێی داتاكان لە ساڵی 2015 بە مۆڵەتی فەرمی 41 هەزار و 377 سەر ئاژەڵی زیندوو هاوردەكراوە. لە ساڵی 2016 ژمارەكە بۆ 92 هەزار و 999 ئاژەڵ زیادبووە. لە ساڵی 2017 هاوردەكردنی ئاژەڵ گەیشتووەتە لووتكە و 135 هەزار و 681 گۆلک هاوردەكراوە، لە ساڵی 2018 هاوردەكردن كەمێك دابەزیووە 134 هەزار و 25 گۆلک هاوردەكراوە. ساڵی رابردووش 125 هەزار و 850 گۆلک و دوو هەزار و 48 بەرخ هاوردەكراون. لە حەوت مانگی رابردووش بەهۆی كاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەرەنتینەوە هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بەراورد بە ساڵی رابردوو كەمی كردووە، بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵ داتای ئەو حەوت مانگەی نییە.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ، لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو راگەیاند، "هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو لە چەند ساڵی رابردوودا بەو قەبارە گەورەیە بە بیانووی پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، كاریگەری زۆر خراپی لەسەر بەخێوكردنی ئاژەڵ بە گشتی و پرۆژەكانی قەڵەوكردنی گۆلك و بەرخ بە تایبەتی هەبووە. ئەو سامانە نیشتمانییە گەورەیەی لە هەرێمی كوردستان بەرەو هەرەسهێنان بردووە".

فیراس سدیق دەڵێت، بەپێی داتاكان تەنیا لە پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە نیو ملیۆن گۆلك و بەرخ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون کە زۆربەیان ئامادەبوونە بۆ سەربڕین، ئەمەش كاریگەری راستەخۆی لەسەر سەرچاوەی ژیانی گوندنشینان بەتایبەت ئەوانەی بژێوی ژیانیان لەسەر ئاژەڵدارییە كردووە. خاوەن پرۆژەكانی قەڵەوكردنی گۆلك و بەرخی تووشی شكست و زیانی ئابووریی گەورە كردووە، چونكە بەهۆی تێچووی زۆری بەخێوكردن ناتوانن لە نرخدا كێبركێی ئەو ئاژەڵە زیندووە هاوردەكراوانە بكەن.

بەمەبەستی رێكخستنی بازرگانیی ئاژەڵ و كەمكردنەوەی هاوردەی ئاژەڵی زیندوو كە بووەتە هۆی چوونە دەرەوەی سەدان ملیۆن دۆلار و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، وەزارەتی كشتوكاڵ پێداچوونەوەی بە رێكارەكانی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندووكردووە. بڕیاری ژمارە یەکی ساڵی 2020ـی تایبەت بەرێكخستنی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بە مەبەستی قەڵەوكردن و سەربڕین دەركردووە.

بەپێی خاڵی یەک و دووی بڕیارەكە لەمەودوا مۆڵەتی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ قەڵەوكردن تەنیا بەو خاوەن پرۆژانە دەدرێت كە پرۆژەکەیان مۆڵەتی لە وەزارەتی كشتوكاڵ وەرگرتووە و مۆڵەتەکەشیان نوێكراوەتەوە.

ژمارەی ئاژەڵی هاوردەكراویش بەپێی قەبارەی پرۆژەكە دەدرێت و نابێت كێشی گۆڵكی بچووكی هاوردەكراو بۆ قەڵەوكردن لە 150 كیلۆ زیاتر بێت و كێشی بەرخیش لە 25 كیلۆ زیاتربێت.

هەروەها لە خاڵی شەشی بڕیارەكەدا هاتووە بەپێی پێویستی پارێزگاكان مۆڵەتی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ سەربرین بە كۆمپانیاكان دەدرێت بە مەرجێك كێشی جوانەگا لە 400 كلیۆ و كێشی كاور و گیسك لە 60 كلیۆ زیاتر نەبێت.

لە هەرێمی كوردستان 59 پرۆژەی مۆڵەتدراوی قەڵەوكردنی گۆڵك هەن دەتوانن لە هەر وەجبەیەک نزیکەی 20 هەزار گۆلك قەڵەو بكەن، هەروەها شەش پرۆژەی مۆڵەتدراوی قەڵەوكردنی بەرخ هەن دەتوانن لەهەر وەجبەیەك 2.110 بەرخ قەڵەو بكەن، بەڵام زۆربەی پرۆژەكان بەهۆی هاوردەكردنی ئاژەڵەوە تووشی زیان بوون.

پرۆژەی ئاوەگرد لە ناوچەی سماقوڵی یەكێكە لە پرۆژە مۆڵەتپێدراوەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، لە هەر وەجبەیەكدا 450 گۆلك قەڵەو دەكات، بەڵام گرفتی ساخكردنەوەی بەرهەمی هەیە.

سالار جەوهەر عومەر، خاوەنی پرۆژەی ئاوەگرد دەڵیت: "ساڵێك لەمەوبەر 222 گۆلكی جۆرجی كێش 150 كیلۆییم بە زیندەقەپان كیلۆی بە 7 هەزار و 200 دینار كڕی، ماوەی ساڵێكە بەخێویان دەكەم كێشیان گەیشتووەتە 450 كیلۆگرام. خەرجی هەر گۆلكێك ملیۆنێك دینارە، ئێستا لە بازاڕ بەهۆی گۆلكی هاوردە كیلۆی 4 هەزار و 500 دینار دەكات، ئەگەر بەو نرخە بیفرۆشم سەرەڕای ماندووبوون نزیكەی 12 ملیۆن دیناریش زەرەر دەكەم".

ئەو خاوەنی پرۆژەیە باس لەوە دەکات كۆمپانیاكان بە زیندەقەپان كیلۆیەک گۆشتی گۆلك بە 4000 دینار دەفرۆشن. کە 500 دیناری كەمترە لە نرخی زیندەقەپانی مەیدانی ئاژەڵان، بۆیە گۆشتفرۆشەكان زیاتر گۆشت لە كۆمپانیاكان دەكڕن، ئەمەش وایكردووە رۆژ لە دوای رۆژ فرۆش لە مەیدان كەم ببێتەوە و گۆلكی خۆماڵی نەفرۆشرێت.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كە پشتی بە داتای سەربرین ئاژەڵ لە 28 كوشتارگەی هەرێمی كوردستان بەستووە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا چوار ملیۆن و 113 هەزار و 379 مەڕ و بزن و 665 هەزار و 714 رەشەوڵاخ لە كوشتارگەكان سەربڕاون، ئەمە جگە لەو ئاژەڵانەی لە دەرەوەی کوشتارگەکان سەردەبڕدرێن.

بەپێی داتاكان، بارودۆخی ئابووری كاریگەری لە خواست هەبووە، بە جۆرێك لە ساڵی 2015 لە کوشتارگەكان 809 هەزار و 271 مەڕ و بزن و 143 هەزار و 423 رەشەوڵاغ سەربڕداون، بەڵام لە ساڵی 2016دا كەمی كردووە بۆ 742 هەزار مەڕ و بزن و 116 رەشە وڵاخ.

لە ساڵی 2017 سەربڕینی ئاژەڵ زیادی کردووە 847 هەزار و 607 مەڕ و بزن و 138 هەزار و 436 رەشەوڵاغ سەبراون، لە ساڵی 2018 خواست لەسەر گۆشتی مەڕ و بزن زیادبووە، لەو ساڵەدا 872 هەزار و 396 مەڕ و بزن سەربڕدراون، بەڵام سەربرینی رەشەوڵاخ بۆ 131 هەزار کەمیكردووە، ساڵی رابردووش هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە خواست لەسەر گۆشتی مەڕ و بزن كەمیكردووە و 838 هەزار مەڕ و بزن سەربڕدراون، لە بەرامبەردا خواست لەسەر گۆشتی رەشەوڵاخ زیادبووە و 136 هەزار و 669 رەشەوڵاخ سەربراون.

بەرهەمی سەربڕینی ئەو ئاژەڵانە لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا 375 هەزار و 930 تۆن گۆشتی سوور بووە.

وەزارەتی كشتوكاڵ بە سوودوەرگرتن لە ستانداردی جیهانی پێویستی ساڵانەی خواردنی گۆشتی سووری بۆ تاكی هەرێمی كوردستان بە 14.4 كیلۆگرام دیاریكردووە، بەپێی داتاكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی رابردوو گەیشتە 6 ملیۆن و 33 هەزار و 814 كەس. بەو پێوەرە بێت، ساڵی رابردوو پێویستیی هەرێمی كوردستان بۆ گۆشتی سوور نزیكەی 86 هەزار و 887 تۆن بووە، بەڵام كۆی بەرهەمی ساڵی رابردوو تەنیا 72 هەزار و 178 تۆن، واتە تاكی هەرێمی كوردستان كەمتر لەو بڕەی خواردووە كە دیاریكراوە.

دكتۆر میقداد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كەرەنتینی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ، كە بەرپرسی رێگەپێدانی هاوردەكردنی ئاژەڵە، دەڵێت: "ئامانج لە هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ هاوسەنگردنی نرخ و پڕكردنەوەی پێویستیی ناوخۆ و پاراستنی ئاژەڵانی هەرێمی كودستان بووە، چونکە بەرهەمی ئاژەڵی خۆماڵی ناتوانێت پێویستی ناوخۆ لە گۆشتی سوور بە رێژەی 100% پڕبكاتەوە".

سەبارەت بە کاریگەری هاوردەکردنی ئاژەڵ لەسەر پرۆژەکان. دكتۆر میقداد ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو ژمارە ئاژەڵەی لە چەند ساڵی رابردوودا هاوردەکراون لەسەر داوای لیژنەی پارێزگاكان بووە، لیژنەكەش نوێنەری هەموو لایەكی تێدایە، بەڵام بەپێی بەدواداچوون بۆمان دەركەوتووە بەشێك لەو ئاژەڵانەی بەناوی كوردستان هێنراون بە قاچاخ رەوانەی شارەكانی عیراق كراون، بۆ رێگری لەم دیاردەیە رێنمایی تایبەت دانراوەو هەر كۆمپانیایەک ئەو كارە بكات دەخرێتە لیستی رەش و سزای داراییش دەدرێت".

بەڕێوەبەری كەرەنتینی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەشی گوت، "لەم قۆناخە ناتوانین هاوردەی ئاژەڵی زیندوو قەدەخە بكەین، چونكە لەلایەك بەرهەمی ناوخۆ بەشی پێویستییەكان ناكات، لەلایەكی دیكەش ترسی ئەوەمان هەیە دوای قەدەخەكردن دیاردەی بە قاچاخهێنانی ئاژەڵ پەرەبسێنێت كە مەترسیی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی ئاژەڵ و مرۆڤ لە كوردستان هەیە، چونكە بەهۆی داشكانی بەهای دراو، نرخی ئاژەڵ لە وڵاتانی دراوسێ زۆر هەرزانە".

بۆ جەژنی قوربان پێشبینی سەربرینی 30 هەزار ئاژەڵ دەكرێت

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ كە پشتی بەداتای سەربڕینی ئاژەڵ لە رۆژانی جەژنی قوربان لە كوشتارگەكان و پێشبینی سەربرینی ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگەکان بەستووە، دەركەوتووە، ساڵانە 35 تاوەكو 40 هەزار سەر ئاژەڵی بچووك و گەورە لەلایەن خەڵك و كۆمپانیا خێرخوازییەكان دەكرێنە قوربانی.

دكتۆر فەرەیدون محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ و سەرپەرشتیاری كوشتارگەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت: "بەگوێرەی ئەو داتایەی لە راپۆرتی پارێزگاكان بۆمان بەرزكراوەتەوە، لە چوار رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی رابردوودا لە كوشتارگەكانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو هەزار ئاژەڵی گەورە و 18 هەزار ئاژەڵی بچووكی وەك مەڕ و بزن سەربراون، بەگوێرەی پێشبنییەكانیش نزیكەی 16 هەزار ئاژەڵی گەورە و بچووكی دیكەش لە دەرەوەی كوشتارگەكان لەلایەن خەڵك سەربڕدراون، سەرجەمی دەكاتە نزیكەی 36 هەزار سەر ئاژەڵ، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی پێشبینی دەكەین قوربانی لە ساڵی رابردوو بە رێژەی 15 تاوەكو 20% كەمتر بێت و نزیكەی 30 هەزار سەر ئاژەڵ لە كوشتارگە و دەرەوەی كوشتارگەكان لە چوار رۆژی جەژندا سەرببڕدرێن".

بەپێی ئامارێك كە لە كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر لە چوار رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی رابردوو 1.164 ئاژەڵی گەورە و 3.397 سەر ئاژەڵی بچووك سەربراون.

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئامادەكاری تەواومان بۆ پێشوازی لە جەژنی قوربان كردووە، كوشتارگەكەمان لە چوار رۆژی جەژن لە کاژێر شەشی بەیانییەوە تاوەكو شەشی ئێوارە بە رووی كۆمپانیا و كۆمەڵە و دەزگا خێرخوازییەكان كراوە دەبێت، پێشبینی دەكەین ئەمساڵ سەربرینی ئاژەڵ بۆ قوربانی لەلایەن رێكخراوە خێرخوازییەكان لە ساڵی رابردوو زیاتر بێت".

هەڵمەت هەمزە، گوتیشی بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵخی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەمساڵ سێ تیمی گەڕۆكیان لە پزیشك و كارمەند و پسپۆران پێكهێناوە، دواتر ژمارەكانیان لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە بڵاودەكەنەوە بۆ ئەوەی خەڵك تەلەفۆنیان بۆ بكات و تیمەكان وەك ئاسانكاری لە نێو ماڵاندا ئاژەڵەکان بپشکنن و سەریشیان ببڕن.













رووداو
Top