پارتی: لێکنزیکبوونەوەی ئەمدواییەمان لەگەڵ یەکێتی بەرزدەنرخێنین

پارتی: لێکنزیکبوونەوەی ئەمدواییەمان لەگەڵ یەکێتی بەرزدەنرخێنین
بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە هاونیشتمانیان دەکات، دەشڵێت، لێکنزیکبوونەوەی ئەم دواییەی لایەنە سیاسییەکان، تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنن.

لە راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە، پارتی ئومێدەوارە "لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و خزمەتکردنی ھاووڵاتیان"، ئەم جەژنە بکرێتە جەژنی چارەسەرکردنی سەرجەم گرفت و ئاریشە کەڵەکەبووەکان و "ئیدی کۆتایی بەم دڕدۆنگی و گرژییە سیاسییە و ھێرشە میدیاییەیش بێت".

پارتی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو لایەنەکان یەکدەست و یەکڕیز روو لە ئاییندەیەکی گەش بکەن.

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و جیهان دەكەین، بە تایبەتی ماڵباتی سەربەرزی شەهیدە نەمرەكانی کوردستان و ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆزی پارتیمان، کە ھەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگریین.

لەم دەرفەتە پیرۆزەدا، جارێکیتریش پەیامی لێبووردەیی، ئاشتەوایی، پێکەوەژیان و یەکڕیزیی، کە کۆمەڵێک پرەنسیپی نەگۆڕی پارتیمانن دووپات دەکەینەوە و لێک نزیکبوونەوەی ئەم دواییەی لایەنە سیاسییەکان، تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنین و ئومێدەوارین، لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمان و خزمەتکردنی ھاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان، ئەم جەژنە بکەینە جەژنی چارەسەرکردنی سەرجەم گرفت و ئاریشە کەڵەکەبووەکان و ئیتر کۆتایی بەم دڕدۆنگی و گرژییە سیاسییە و ھێرشە میدیاییەیش بێت و، یەکدەست و یەکڕیز ڕوو لە ئاییندەیەکی گەش بکەین.

جارێكی دیکە جەژنی پیرۆزی قوربان لە هەموو جیھان و کوردەواری پیرۆزبێ و ھەموولایەک شاد و تەندروست بن...

مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٣٠ـی٧ـی٢٠٢













رووداو
Top