له قه‌ڵادزێ دوو باندی دزى ده‌ستگیر كران
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 29/7/2020، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى ڕاپه‌ڕین، ڕاگه‌یاندراوێكى له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه، تێیدا هاتووه: "پاش به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و له‌سه‌ر سكاڵای هاووڵاتییان، پۆلیسی نووسینگه‌ی نه‌هێشتنی تاوانی پشده‌ر (مكافحه)، له دوو كاتی جیاوازدا دوو باندیان ده‌ستگیر كرد، كه دزییان له‌ناو بازاڕ و پاركه‌كاندا كردبوو، له به‌رده‌م پۆلیسیشدا دانیان به تاوانه‌كانیاندا نا".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ڕوو: "پاش لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیاندا، به گوته‌ی یه‌كێك له به‌ندكراوه‌كانی باندی یه‌كه‌م، 20 ماتۆڕسكیل و دەمانچەیەکیان دزیوه، سەرجەمیان مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنیان پێوه كراوه".
له ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه: "به گوته‌ی باندی دووەم کە بە هاوکاریی ئاسایشی سەروچاوە دەستگیر کراون، ئەوانیش یەک ماتۆرسکیلیان دزیوه و ماتۆرسكیله‌كه‌ش دەستی بەسەردا گیراوە".
پۆلیسى ڕاپه‌ڕین ڕوونیشى كردووه‌ته‌وه، ئه‌و دوو بانده له شه‌ش كه‌س پێك هاتوون، له كات و ساتی جیاوازدا به فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستگیر كراون و هەر باندە و لە سێ کەس پێك هاتبوون، ئێستاش به مادده‌كانی 443 و 446 ڕاگیراون و دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وامه.
باسنيوز
