دەرچووانی سلێمانی داواکارییەکانیان دەگەیەننە حکوومەت

دەرچووانی سلێمانی داواکارییەکانیان دەگەیەننە حکوومەت
دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سلێمانی، داواکارییەکانی خۆیان بە گردبوونەوەیەک دەگەیەننە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە 14-1-2020، ژمارەیەک لە دەرچوانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکان بەمەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان، لە بەردەم پارێزگای سلێمانی گردبوونەوەیەکیان رێک خست و داوایان کرد حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ دامەزراندنیان بکات و ھەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت.

خۆپیشاندەران یاداشتێکیان ئامادە کردووە و تێیدا داواکارییەکانی خۆیان خستووەتە روو، کە بریتین لە؛

1- دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ پەیمانگاکان لە کەرتی حکوومی و ئەھلی بەبێ پاڵپشتی و تەزکیەی حزبی.

2- دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت لە پڕۆژەیاسای بودجە بۆ دامەزراندنی ساڵانەی دەرچووان.

3-قەدەغەکردنی فرەکاری لە فەرمانگەکانی حکوومەت و کەرتی تایبەت بۆ زیاتر ڕەخساندی ھەلی کار بۆ دانەمەزراون.

4-قەدەغەکردنی بەکرێدانی بڕوانامە لەسەرجەم دامودەزگا ناحکوومییەکان.

5- دوورخستنەوەی کەسانی بیانی و بێ بروانامە و ناکارامە و پڕکردنەوەی شوێنەکانیان بە کەسانی خاوەن بڕوانامە و لێھاتوو.

6-دروستکردنی چەندین کارگەی گەورە و بچووک لە بوارە جیاجیاکان بە مەبەستی ڕەخساندنی ھەلی کاری زیاتر و بەرەوپێشبردنی بەرھەمی ناوخۆ.

7- کاراکردنەوەی یاسای قەرزی بچوک.

8- بڕینەوەی دەرماڵە بۆ دانەمەزراوەکان کە لە (150) ھەزار دیناری عێراقی کەمتر نەبێت.

9- کەمکردنەوەی مووچەی خانەنیشینی پلەباڵاکان بە ڕێژەی %50 بۆ ئەوەی دەرچووانی دانەمەزراوی پێ دابمەزێت.










باسنيوز
Top