گەرمیان.. ساڵی ڕابردوو 10 پرۆژەی گرنگ وەگەڕ خراونەتەوە
ئاماژەی بەوەش دا هەر لەوساڵەدا زیاتر لە چوار سەد تۆن خۆل و خاشاك كۆ كراونەتەوە.
نەوزاد رەشید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان، ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند "لە ساڵی 2019 دا نزیكەی 60 هەزار نەمام لە سنووری گەرمیان چێندراون و بەو هۆیەوە ڕێژەی سەوزایی 1.13% زیادی كردووە و 57 باخچەش لە سنوورەكە دروست كراون".
گوتیشی: "ساڵی رابردوو 10 پرۆژەی گرنگ لە گەرمیان وەگەڕ خراونەتەوە كە پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوون، لەگەڵ ئەوەشدا 32 پرۆژە ڕاستەوخۆ ئەنجام دراون و 2 مۆڵەتی پیشەسازی ز 53 مۆڵەتی بازرگانی و 602 مۆڵەتی بیناسازی و 5 مۆڵەتی نیشتەجێبوون دراون بە هاووڵاتیان و 358 پارچە زەوی ئیفراز كراوە و 770 مامەڵەی زیندانیانی سیاسی تەواو كراوە بەمەبەستی وەرگرتنی زەوی".
نەوزاد ڕەشید ئاماژەی بەوەش دا: "ساڵی 2019، لەلایەن كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكەوە 418 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك لە سنووری گەرمیان هەڵگیراونەتەوە".
باسنيوز
