له‌ پشده‌ر به‌هۆى ڕووداوێکی هاتوچۆ شه‌ش كه‌س بوونه‌ قوربانى

له‌ پشده‌ر به‌هۆى ڕووداوێکی هاتوچۆ شه‌ش كه‌س بوونه‌ قوربانى
له‌ پشده‌ر ڕووداوێكى هاتوچۆ ڕووى دا، به‌هۆى ڕووداوه‌كه‌ش كچێكى ته‌مه‌ن 14 ساڵ گیانى له‌ده‌ست دا، پێنج كه‌سى دیكه‌ش بریندار بوون.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29/8/2019، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى ڕاپه‌ڕین ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "
کاتژمێر 10 و 45 خولەکی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گوندی دەروەکۆتر کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی ناحیەی سەنگەسەر ـ بناری قەندیل ماتۆرسکیلێکی سێ تەگەری کۆنترۆڵی لەدەست دا و دوای وەرگەڕانی، کچێک بەناوی(ک، هـ، ح) تەمەن 14 ساڵ، پیشەی قوتابى، دانیشتووی گوندی (گرتک)ى سەر بە ناحیەی سەنگەسەر گیانی لەدەست دا، پێنج کەسی دیكه‌ش بریندار بوون".

باس له‌وه‌ش كراوه‌: "لەناو بریندارەکاندا دوانیان برینەکانیان سەختە، کە لەناویاندا ئافره‌تێكى دیكه‌ هەیە، پاش گەیشتنیان بۆ شوێنی ڕووداوکە، هێزەکانی بنکەی پۆلیسی ناحیەی سەنگەسەر بریندارەکانی گواستووه‌تەوە بۆ نەخۆشخانە، بریندارەکان بەڕێ کران بۆ نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە و تەرمەکەش بەڕێ کرا بۆ نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ، پاش توێکاری بۆ لاشەکەی، ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە".

پۆلیسى ڕاپه‌ڕین ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌، قوربانییەکان ئەندامی یەک بنەماڵەن و له مەڕدۆشین گەڕاونەتەوە، بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 24 لە یاسایی هاتوچۆ شۆفێرەکە بانگهێشت كراوە، مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.











باسنيوز
Top