بانکی نێودەوڵەتی پشتگیریی خۆی بۆ کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند
بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی نێودەوڵەتی، خۆشحاڵیی خۆی بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە کارنامە و هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی حکوومەتیان خوێندووەتەوە و بە کارنامەیەکی نایابی دەزانن. بۆیە بانکی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە کارنامەکە دەکات و خۆشحاڵیشە بە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی.
هەر لەم رووەوە، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی نێودەوڵەتی وێڕای ناساندنی ڕەمزی نیعمان، نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئاماژەی بەوەکرد کە پسپۆڕانی بانکی نێودەوڵەتی ئامادەن بێن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی حکوومەت، بە تایبەتیش لە بواری چاکسازیی داراییدا.
لەلایەن خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیریی بانکی نێودەوڵەتی کرد و گوتی: ”خوشحاڵین بە پشتیوانیی دەزگایەکی گرنگی وەکوو بانکی نێودەوڵەتی لە کارنامەی حکوومەت”.
جەختیشی کردەوە کە “ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە، بە هەوڵ و تواناکانمان و پشتگیریی دۆستانمان، گەشە بە ئابووریی هەرێمی کوردستان بدەین و هەمەچەشنی بکەین، بە جۆرێک کە تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستێت، بەتایبەتیش گرنگیی زیاتر بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بدرێت و زەمینەیەکی باشتریش بۆ وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی دروست ببێت، تاوەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات بە بێ جیاوازی“.
باسنيوز
