کەسێک لە باڵەخانەیەکی هەولێر خۆی دەسووتێنێت و خۆی فڕێدەداتەخوارەوە

 کەسێک لە باڵەخانەیەکی هەولێر خۆی دەسووتێنێت و خۆی فڕێدەداتەخوارەوە
کاژێر 11:30 خولەکی ئەمڕۆ شەممە کەسێک لە گەڕەکی راستی لە هەولێر، لەسەر باڵەخانەیەکی هەشت نهۆمی خۆی دەسووتێنێت و خۆی فڕێدەداتە خوارەوە، شایەتحاڵێکیش دەڵێت: دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسی هەولێر هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: کەسەکە لەسەر باڵەخانەیەک خۆی سووتاندووە و خۆی فڕێداوەتە خوارەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانین کێیە و بۆچی خۆی فڕێداوەتە خوارەوە.

مازن هاشم، شایەتحاڵێکی نزیک لە رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو گەنجە لەسەر باڵەخانەیەکی هەشت نهۆمی تەواونەکراو خۆی سووتاند و دواتر خۆی فڕێدایە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە".

بەگوتەی ئەو شایەتحاڵە ''ئەوەی گیانی لەدەستداوە کەوتووەتە نێو ماڵێک لە تەنیشت باڵەخانەکە، بەڵام جگە لە چەند کلیلێک هیچ شتێکی دیکەی پێنەبووە".

پۆلیس تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کردووە و لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.







رووداو
Top