ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر بۆ "گوڵان" پڕۆژەی ئاوی 53 گوندی بارزان بۆ ماوەی زیاتر لە (25) ساڵ کێشەی کەمئاوی تەواوی دەڤەرەکە چارەسەر دەكات
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئاو، پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوی خواردنەوە لە دەڤەری بارزان کەوتە خزمەت هاووڵاتییان. ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، لە دیدارێکدا لەگەڵ گۆڤاری "گوڵان"، وردەکاریی تەکنیکی و گرنگیی ئەم پڕۆژە ستراتیژییەی خستە ڕوو.
سەرەتا ئەندازیار ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی بۆ 53 گوندی سنووری دەڤەری بارزان لە چوارچێوەی بایەخی تایبەتی سەرۆکی حکوومەت دێت بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی ناوچەکە. وتیشی: "سەرەڕای هەموو ئاستەنگە ئابوورییەکان، سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتییەکی گەورەی سێکتەری ئاوی کردووە، بەو ئاراستەیەی سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت و ئاوی پاك بەیەکسانی بگاتە هەموو ماڵێک."
سەبارەت بە وردەکاریی تەکنیکیی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند:
• سەرچاوەی ئاو: گوندی "باڵندا" لە سنووری مێرگەسۆر، کە لە ڕووباری شینەوە ئاو دابین دەکات.
• وێستگەی پاڵاوتن: وێستگەیەکی مۆدێرنی پاککردنەوەی لێ دامەزراوە.
• توانای بەرهەمهێنان: 1200 مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا.
• سوودمەندان: ئاوی خاوێن بۆ زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتی لە 53 گوند و ناوچەکانی (بارزان و بلێ) دابین دەکات.
ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکان و تێچووەکەی گەیشتووەتە (138) ملیار دینار. پێکهاتە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە بریتین لە:
1. وێستگەکان: سێ وێستگەی سەرەکی (ئینتێک، وێستگەی پاککردنەوە و وێستگەی ناوەندی) کە ژمارەیەکی زۆر پەمپی بەهێزیان تێدایە.
2. کۆگاکان: پڕۆژەکە 58 کۆگای گڵدانەوەی ئاو لەخۆ دەگرێت (50 کۆگای بچووک بە قەبارەی 100-150 م3 و 8 کۆگای گەورە).
3. تۆڕی گواستنەوە: درێژیی هێڵی سەرەکی 220 کیلۆمەترە و تۆڕی ناوخۆی گوندەکانیش بە درێژایی 310 کیلۆمەتر نۆژەن کراوەتەوە، کە کۆی گشتیی تۆڕەکە دەگاتە 530 کیلۆمەتر.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم جەختی لەوەش كردەوە؛ ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی زیاتر لە (25) ساڵی داهاتوو کێشەی کەمئاوی لەو 53 گوند و تەواوی دەڤەرەکە چارەسەر دەکات .
