پەرلەمانتارێكی گۆڕان: دەبێ لیژنەی بەدواداچوون بۆ رووداوەکانی ١٦ی ئۆكتۆبەر كارا بكرێتەوە

 پەرلەمانتارێكی گۆڕان: دەبێ لیژنەی بەدواداچوون بۆ رووداوەکانی ١٦ی ئۆكتۆبەر كارا بكرێتەوە


ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان داوا دەکات، لێژنەی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کارا بکرێتەوە و ئەنجامدەرانی ”کە دیارن“، دادگایی بکرێن.



ڕزگار محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان ڕاگەیاند: ئێمە وەك فراكسیۆنی گۆڕان، پێمان باشە كە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر كارا بكرێتەوە“.



داواشی کرد، هەوڵی باشتر بدرێت تا ئەوانەی لە ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی پێشتردا ناوچەكانی خۆیان چۆڵ كردووە، دادگایی بكرێن، جا ”لە هەر حزب و لایەنێكیش بن، چونكە هۆكار بوون بۆ لەدەستدانی ٥١٪ی خاكی كوردستان و خەڵكیان تووشی نەهامەتی كرد".



ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان پێیوایە، ناكرێ چاوپۆشی لەو كەسانە بكرێت، ”ئێمە دەوڵەتداری دەكەین و پەرلەمانمان هەیە، ڕوونە ئەو كەسانە كێن، هەر خۆیان بە ئاشكرا لە ڕاگەیاندنەكانەوە ڕایان گەیاند كە بە واژۆی ئەندامانی سەركردایەتییان كەركووك و ناوچەكانی دیكەیان ڕادەست كردووە".



پەرلەمانتارەکەی گۆڕان نەیشاردەوە کە بەهۆی ئەوەی خەڵکی گەرمیانە و ناوچەکەی لە ناوچە عەرەبنشینەکانەوە نزیکە، بە شایەدیی هەندێک هاوڕێم ئەوەمان بینی کە ئەندامێکی سەرکردایەتیی لایەنێکی سیاسی، پێش هێزە عێراقییەکان كەوت و تا نزیكی شارەدێی كوڵەجۆ كە دەكەوێتە باشووری قەزای كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، هێزە عێراقییەکان هێنا“.



باسیشی لەوە کرد کە بەنیازبوون هەموو ئەو شوێنانەی كە ئێستا خۆشیانی تێدان، ڕادەستیان بكەن و زیاتر بێنە پێش، بەڵام ”خەڵكی گەرمیان ئەوەیان قەبووڵ نەكرد، یەكێك لە برادەرەكانی ئێمە توانجێكی لێدان و گوتی ئای كورد و پارە و خیانەت، ئەوان پەلاماریان دا و ئێمە بەرگریمان لێ كرد".



ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەگەر بەدەست ئەوان بوایە، ڕەنگە حەشدی شەعبی زیاتر بهاتایەتە پێش و ناوچەی زیاتری داگیر بكرایە و ئەو فەرماندانەی ئەركی خۆیان جێبەجێ نەکردووە و ناوچەی خۆیان بەهەر هۆكارێک چۆڵ كردووە، دەبێ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، چونكە خەڵك زەرەرمەند بووە".



لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێکهێندرا، بەڵام لەبەر چەندان ئاسەنگ و کێشە کە هاتنە بەردەم کاری لێژنەکە، هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی دەست نەکەوت.



لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، میلیشیا جیاوازەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق، کەرکووک و ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانیان داگیر کرد، دواتر چەندان بەڵگەی ڤیدیۆیی و دان پێدانانی بەرپرسانی گرووپێکی نێو لایەنێکی سیاسی بڵاو بوونەوە کە دەیسەلماند، داگیرکردنەکە بە ڕێککەوتنی نهێنیی پێشوەختەی ئەوان بووە.










باسنیوز
Top